بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بافڵ تاڵەبانی وتی: سەردانە مێژووییەکەی پزیشکیان گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ عێراق، هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سلێمانی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەم سەردانە درێژکراوەی پەیوەندییە قووڵ و لەمێژینەکەی نێوان ئێمە و گەلی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە سەرۆک مام جەلال ئەندازیار و بناغەدانەری بووە.
ناوبراو وتی: لە دیدارەکەمان لە گەڵ پزیشکیان جەختمان لە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە بەرامبەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت گەلی ئێرانی دۆست و دووپاتمانکردەوە کە رێگەنادەین و نامانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە جێگەیەک بۆ هێرشکردنەسەر سەروەرییەکانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵکوو ئەوەی ئامانجمانە و هەنگاوی بۆ دەنێین فراوانترکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دێرینەکەمانە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکاندا.
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی: لە درێژەی دیدارەکەدا سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی سەرکردایەتی و گەلی ئێران کرد کە لە سەرجەم قۆناغە سەختەکاندا هاوکار و پشتیوانی خەڵكی كوردستان بوون، هەروەها لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنی داعشدا، رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان گێڕا و هاوخەباتی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە بوون. ئاماژەشمان بەوەکرد، ئێمە هاوکاری و برایەتیی دۆستەکانمان لەیادناکەین و درێژەپێدەری ئەو سیاسەتە دەبین کە سەرۆک مام جەلال پەیرەوی دەکرد و ئامانجەکەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و هاوبەشەکان بوو.
بافڵ تاڵەبانی وتی: لەبەرامبەردا بەڕێز پزیشكیان ستایشی رۆڵ و پێگەی كاریگەری سەرۆك مام جەلالی كرد لە بونیادنانی عیراقی نوێ و داڕشتنەوەی سیاسەتێكی حەكیمانە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران و ئاماژەیان بەوەكرد کە ئێمە ڕێز لەو پەیوەندییە مێژووییە دەگرین و هیوادارین گەشەی زیاتری پێبدەین، لە بەرامبەر هەوڵ و هەنگاوە نیشتمانییەكانیشتاندا بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عیراق و هەرێمی كوردستان، هاوكار و پشتیوانتان دەبین./.