بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەوە لەکاتێکدایە، دوای ١٣ ساڵ لە پچڕانی پەیوەندی تورکیا بە کۆمکاری عەرەبییەوە بە هۆی کێشە و ناکۆکی لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی بە تایبەتی سوریا و وڵاتانی کەنداو، هاکان فیدان بانگهێشتی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی کرا، بەڵام شاندەکەی سوریا لە میانەی پێشکەشکردنی وتارەکەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کە باسی لە دۆخی کەرتی غەززە و کەرتی خۆرئاوا کرد، هۆڵی کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت، وەکو هەڵوێستێک دژی داگیرکردنی باکوری سوریا نەگەڕانەوە هوڵی کۆبوونەوە.
هاوکات فەیسەڵ مێقداد وەزیری دەرەوەی سوریا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی RT، وتی: ئەگەر تورکیا دەیەوێت هەنگاوی نوێ لە هاوکاریی نێوان سوریا و تورکیادا هەبێت، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان ئاسایی ببنەوە، پێویستە لە خاکی باکوری سوریا و عێراقیش بکشێتەوە کە داگیری کردووە.
وەک زانراوە، پڕۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی سوریا کە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ بە ناوبژیوانی ڕووسیا دەستیپێکرد، بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.
لای خۆیەوە، بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا لە کۆتا وتاریشیدا لە یەکشەممەی ڕابردوودا ڕەتیکردەوە پەیوەندییەکانی لە گەڵ تورکیا ئاسایی بکاتەوە لە کاتێکدا سوپای تورکیا باکوری سوریای داگیرکردووە و پێویستە بکشێتەوە.
وتیشی کە دەرکردنی سوپای تورکیا لە نێو خاکەکەماندا یەکێکە لە مافەکانمان پاشەکشە لەم مافە ناکەین./.