بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەک چۆن ئاماژە درا، خواردنەوەی ئاوی پیس سەرچاوەی زۆربەی نەخۆشییەکانە. لەم نووسینەدا تاوتوێی ئەو نەخۆشییانە دەکرێت.
جۆرەکانی نەخۆشی بە هۆی ئاوی پیسەوە:
حەوت نەخۆشی زۆر جیدی و مەترسیدار لە سەر تەندرووستی مرۆڤ هەیە لە کاتی خواردنەوەی ئاوی ناتەندرووستدا کە بریتین لە:
سکچوون:
سکچوون جۆرێکە لە هەوکردنی ڕیخۆڵە کە نیشانەکانی وەک ئازاری توندی دڵ یان بوونی خوێنی مەییووە لە پیسایی نەخۆشەکەدا. سکچوون دەتوانێت لە ڕێگەی بەکتریا، ڤایرۆس یان مشەخۆرەکانی ناو خۆراک یان ئاوی ناتەندرووستە تووشی جەستەمان ببێت. لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی لە کاتی خۆیدا و نەچوونە لای پزیشک، ژیانی نەخۆشەکە دەکەوێتە مەترسییەکی گەورەوە.
گرانەتا:
گرانەتا یان Typhoid fever نەخۆشییەکی زۆر مەترسیدار و درمییە. بەکتریای هۆکاری نەخۆشییەکە دوای چوونە ناو لەش لە ڕێگەی سیستەمی لیمفی دەچێتە ناو خوێنەوە دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی خوێن لە جەستەدا. پاشان دەچێتە ناو زراو، گورچیلە و ڕیخۆڵەکانەوە. لە قۆناغی یەکەمدا نەخۆشەکە تووشی بەرزبوونەوەی تا، نائارامی، سەرئێشە و ناڕەحەتییەکی توند دەبێت، دواتر نەخۆشییەکە خەراپتر دەبێت لە گەڵ دەرکەوتنی خاڵی سوور و دەستپێکردنی سکچوون، لە ئەگەری کوبنوونی دیواری ڕیخۆڵە، خوێنبەربوون و چارەسەرنەکردنی نەخۆشەکە دەبێتە هۆی مردن.
نەخۆشی کۆلێرا:
ئەو کەسانەی لە گوندە پەراوێزخراوەكان یان گەڕەکە هەژارەکاندا دەژین، زۆر بەرکەوتەی ئەم نەخۆشییە دەبن. هۆکاری سەرەکی تووشبوون بەم نەخۆشییە، نەبوونی پاک و خاوێنی و بەکارهێنانی ئاوی پیسە، کە دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی لەش و سکچوون.
نەخۆشی جیاردیا:
جیاردیا یان Giardiasis زیندەوەرێکی هاوشێوەی مشەخۆرە کە دەتوانێت لە جەستەی مرۆڤدا بژی. ئەم زیندەوەرە دەبێتە هۆی نەخۆشییەک کە پێی دەوترێت نەخۆشی جیاردیا، هۆکاری سەرەکی ئەو نەخۆشییە خواردنی ئاوی پیسبووە، ئەمەش ژیانی کەسانی تووشبوو دەخاتە مەترسییەكی جدییەوە.
بەکتریای ئیکۆلای:
یەکێکە لەو جۆرە میکرۆبانەی کە زیاتر لە کۆئەندامی هەرس کردنی شیردەرەکاندا دەژین. ئیکۆلای یەکێکە لەو کۆمەڵە بەکتریایانە کە دەتوانێت زۆر مەترسیدار بێت و لە حاڵەتە زۆر توندەکاندا ئەگەر بچێتە ناو جەستەی مرۆڤەوە دەبێتە هۆی مردن.
هەوکردنی جگەری جۆری A:
هەوکردنی جگەری جۆری A یەکێکە لەو هەوکردنانەی جگەر کە بە هۆی خواردنی خۆراک و ئاوی پیس یان بەرکەوتنی نزیک لە گەڵ کەسێک کە ئەم هەوکردنەی هەبێت درووست دەبێت.
سالمۆنێلا:
سالمۆنێلا زیاتر لە ڕێگەی خواردنی خۆراک و ئاوی پیسەوە دەچێتە ناو لەشەوە. ئەم نەخۆشییە جۆرێکە لە بەکتریان کە جۆری جیاوازی هەیە کە زۆرتر لە ڕێگەی مریشک، مانگا، بەراز و خشۆکەکانەوە وەک کیسەڵ و مارمێلکە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
چۆن مەترسی ئەم نەخۆشییانە کەم بکەینەوە؟
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو نەخۆشییە مەترسیدارانەی کە لە ئەگەری خواردنەوەی ئاوی پیسەوە تووشمان دەبن، دەتوانین بە چەند شێوازێک مەترسی تووشبوون کەم بکەینەوە.
بەکارهێنانی ئاوی پاککراوە:
بەکارهێنانی ئاوی پاککراوە و سیستەمی پاککردنەوەی ئاوی ماڵەوە زۆر گرنگە بۆ تەندرووستی خۆت و خێزانەکەت. لە سوودەکانی بەکارهێنانی ئەم سیستەمانە بریتین لە:
دڵنیابوون لە تەندرووستی خۆت و خێزانەکەت.
کەمکردنەوەی ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی شێرپەنجە، کێشەکانی هەرس و نەخۆشییەکانی دڵ.
کەمکردنەوەی مەترسی توشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر.
تێکەڵنەبوونی بەشە ڕزیو و ژەنگاوییەکانی بۆرییەکان بۆ ناو ئاوی خواردنەوە.
باشترکردنی تامی چا، قاوە و خواردن.
پاشەکەوتکردنی کات و پارە.
پاراستنی ژینگە.
پاککردنەوەی ئاوی پیسبوو لە ماڵەوە:
دەتوانیت ئاوی خواردنەوە لە ماڵەوە پاک بکەیتەوە بە چوار ڕێگەی زۆر سادە کە بریتین لە:
کوڵاندنی ئاو.
بەکارهێنانی شێوازی دڵۆپاندن یان Distillation.
بەکارهێنانی ئاوێتە کلۆرییەکان.
فلتەرکردنی ئاو لە ڕێگای قوماشەوە./.