بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد کازم ئال سادق بە ئاژانسی ئیسنا ی ڕاگەیاندووە کە لە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ عێراق چەندین یادداشتی لێکتێگەیشتن لە بوارە جیاجیاکان لە نێوان بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات واژۆ کران کە لە ڕاستیدا گرنگترینیان ڕێکەوتنی تاران و بەغدا بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕێکەوتنی هەمەلایەنەی هاوکاری ستراتیژی بووە.
ناوبراو وتی کە ئەمە گرنگترین و گەورەترن ڕێکەوتنی نێوان هەر دوو وڵات لەم سەردانەدا بووە و بڕیار دراوە کە چەندین لێژنە بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕێکەوتنەکە پێک بهێندرێت و لە زووترین کاتیشدا ئەمە ڕوو دەدات.
محەممەد کازم ئال سادق سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ شارەکانی هەولێر، سلێمانی و بەسرە بە مێژوویی ناو برد و وتی: لە سەردانەکەدا سەبارەت بە پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان هەر دوو وڵات وتووێژ کرا و سەرۆک کۆمار دەستخۆشیی لە هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەمنیی نێوان تاران و بەغدا کرد و هیوای خواست کە بە جێبەجێکردنی تەواوی ڕێکەوتنەکە، ئاسایشی سنورە هاوبەشەکان بە تەواوی دابین بکرێت.
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە سەردانەکەی دکتۆر پزیشکیان، سەردانێکی کاریگەر و مێژوویی بووە و بە گشتی لە عێراق پێشوازییەکی زۆری لێکرا، بەدەر لە ژمارەیەکی زۆر کەم کە دژایەتی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق دەکەن، بەڵام لە میدیاکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕای گشتی ئەم سەردانە بە گرنگ ناو براوە./.