بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا بە ئاژانسی ئەنادۆڵ یان ڕاگەیاندووە کە ئیبراهیم کاڵین سەرۆکی دەزگای هەواڵگری میت ڕۆژی هەینی لە شاری ئەنکەرە لە گەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس کۆبووەتەوە بەڵام ئاماژە بە ناوی ئەو کەسانە نەدراوە.
سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا ڕایانگەیاندووە کە لەو کۆبوونەوەدا چەندین بابەتی وەک دانوستانی ئاگربەست لە نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و بزوتنەوەی حەماس و ڕێکەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان تاوتوێ کراوە.
بە وتەی سەرچاوەکان، هەر دوو لا لەو کۆبوونەوەدا سەبارەت بە میکانیزمێک وتووێژیان کردووە کە دەتوانرێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەستی هەمیشەیی لە غەززە و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان جێبەجێ بکرێت./.