بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ستران عەبدوڵڵا لە وتووێژی لە گەڵ دەزگای ڕاگەیاندنی فەرمیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان (PUK MEDIA) ڕایگەیاند: یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەكوو نوێنەرایەتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان بۆ بەرەنگاری ڕژێمی دیكتاتۆری بەعس و لەم تێكۆشانەشدا هاوپەیمان و دۆستی وەك كۆماری ئیسلامی ئێرانی هەبووە كە ئامانجی هاوبەشیان دەربازكردنی خەڵكی عێراق و ناوچەکە لە دەستی ئەو ڕژێمە بووە. لە گەڵ ئەوەشدا بێگومان دەربازكردنی گەلی كوردستانی عێراق بووە لە دەستی ڕژێمی سەدام.
ناوبراو وتی: لە دوای تاوانی هەڵەبجە و كۆڕەوی گەلەكەمان لە ساڵی 1991 و ئەو تراژیدییانەی بە سەر گەلەكەماندا هات، ئەم پەیوەندییەی ئێران و هەرێمی كوردستان ڕەهەندێکی مرۆڤانەشی وەرگرت چونكە لەو كاتەدا گەلی ئێمە پشتیوانێكی ئەوتۆی نەبوو بتوانێت ڕاز و هاوارەكانی بگەیەنێت بە دەرەوە، بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێران ئەم دەرگایەی كردەوە بۆ گەلی كوردستان، ئەم پێشینەیە مێژووییە هاندەرە بۆ زۆر خەباتی هاوبەش و لە دوای ڕاپەڕینیش گەیشتە ئەوەی كە ڕژێمی دیكتاتۆری بەعس ڕووخا و ئێستا مافی خۆیانە هەم كۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق و هەم هەرێمی كوردستان لەبەری ئەو خەباتە هاوبەشە بخۆن و پەیوەندییە باشەكانی نێوان هەردوولا بەشێكە لەم مەلەفاتە، ئەوە كارێكی دیپلۆماسی و جێگەی سەنگ و هەڵوەستەی باشە كە یەكەم سەردانی سەرۆك كۆماری ئێران بۆ عێراقە و لەوێشەوە سەردانی هەرێمی كوردستانی کرد.
لێپرسراوی سكرتاریەتی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕایگەیاند: سەردانی سەرۆك كۆماری ئێران بۆ هەولێر و دواتر سلێمانی و كۆبوونەوەی لە گەڵ سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ پەیوەندی دۆستانە و سەنگی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بایەخی خۆی هەیە، چونكە تایبەتمەندییەكەی پەیوەندی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و یەكێتی نیشتمانی كوردستانە بە تایبەت لە ئێستادا بە سەرۆكایەتی سەرۆكی یەكێتی گرنگی خۆی هەیە بۆ هەردوولا./.