بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سنە شارێکە کە هەموو کات ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران سەردانی دەکەن.
بەشێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنە بریتین لە:
تەلاری سالار سەعید (مۆزەخانەی سنە)
ئەم تەلارە لە شەقامی ئیمامدایە و لە کۆڵانی حەبیبیدا هەڵکەوتووە. ئەم تەلارە لە بەشی دەرەوەی تەلاری مەلا لوتفوڵا شەیخول ئیسلام کە ئەمڕۆ بە ماڵی سالار سەعید بەناوبانگە هەڵدراوە و تێیدا شتومەک و شوێنەواری مێژوویی پیشان دەدرێت. ئورووسییەکانی مۆزەخانەی سنە بەرهەمی دەستی هونەرمەندانی سنەیییە کە بە یەکێک لە ناوازەترین بەرهەمەکانی هونەری ئورووسی ئەژمار دەکرێت. تەلاری سالار سەعید شوێنەواری سەردەمی قاجاڕە.
سەیرانگای ئاویەر
ئەم پارکە لە ڕۆژئاوای شاری سنە و لە بناری کێوی ئاویەردایە. بەرزاییەکانی ئەم پارکە دیمەنێکی جوان و دڵڕفێن لە شارەکە دەخاتە بەرچاو. ئەم پارکە چەندین باخ و کانیی تێدایە وەک باخی ئەمیرییە کە گەورەترین باخی بناری ئاویەرە و تێیدا گەورەترین سینەمای کراوەی ئێران هەیە. ئەم سەیرانگا لە کۆنەوە شوێنی حەوانەوە و سەیرانی گەشتیاران بووە.
بازاڕی سنە (گوزەر)
ئەم بازاڕە لە ساڵی ١٦٣٦ـی زایینی و لە گەڵ دروستبوونی سنە درووستکراوە. بازاڕی سنە بە شێوەی چوارگۆشەیەکی درێژ کە لە دوای دروستبوونی شەقامی سیرووس بوو بە دوو بەش و لەیەکتری دابڕا، شەقامەکە بە ناوەڕاستییدا تێدەپەڕێت و بۆ هەردوو بەشی باکور و باشور دابەشی دەکات، بەشی باکوری بە ناوی بازاڕی سەنەندج و بەشی باشوری بە هۆی زیادبوونی کاسبکاران و دووکاندارانەوە بە ناوی گوزەر ناسراوە. ئەم بازاڕە بە شێوەی بازاڕی نەخشی جیهانی ئەسفەهان درووست کراوە.
تەلاری ئاسف (ماڵی کورد)
ئەم مۆزەخانەیە لە نێو تەلارەکانی ئاسفدا هەڵدراوە و دەکەوێتە شەقامی ئیمام. ئەم تەلارە هەڵگری بایەخێکی زۆری تەلارسازی لە بوارەکانی خشتکاری، گەچ بڕی و حەمامەکەی بە جوانترین حەمامی شار دەناسرێت. کردنەوەی تەلارەکە بۆ یەکەمجار دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوی و لە سەردەمی قاجاڕ و پەهلەویدا تەواو کراوە. ئەم مۆزەخانەیە چەندین بەشی جۆراوجۆری لە خۆگرتووە وەک: ژیانی لادێ، ژیانی شار، تەونگەری، نازک کاری، دیوەخان، پۆشاک، ناوداران، خشڵ، قوتابخانە، ڕاو، کاری دەستی و کشتووکاڵ.
مزگەوتی گشتی (جامیعە)
ئەم مزگەوتە دەکەوێتە ناو گەڕەکی قەڵاچوارلانی شاری سنە، بەڵگەکان دەریدەخەن کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی قاجاڕ و بە فەرمانی ئەمانوڵڵا خان، والی کوردستان لە ساڵی ١٨١٣ـی زایینی درووست کراوە. ئەم مزگەوتە لەخۆگری دوو هەیوان و حەوشەیەکی ناوەندییە کە ١٢ حوجرەی فەقێی تێدا درووستکراوە، هۆڵێکی گەورە بە ٢٤ پایە و ٣٦ گومەز کە ڕووکاری کۆڵەکە و دیوارەکان بە ئایەتی قورئان ڕازاوەتەوە. دیوارەکانی مزگەوتی جامیعەی سنە بە کاشی حەوت ڕەنگ نەخشێنراوە و بەردی مەڕمەڕی تێدا بەکارهاتووە.
تەلاری موشیر دیوان
ئەم تەلارە کەوتووەتە سەر شەقامی شوهەدا کە پێکهاتووە لە حەوت حەوشەی پێکەوە لکاو و حەمامێکی تایبەت، لە هەموو حەوشەکاندا پلوورە ئاو هەیە، ئەم تەلارە لە سەر دەستی میرزا یوسفی موشیر دیوان لە سەردەمی قاجاڕدا درووست کراوە. ئەم تەلارە بە ئورووسی جوان و خشت و گەچبڕی ڕازاوەتەوە.
حەمامی خان
ئەم حەمامە کەوتووەتە باکوری بازاڕی کۆنی سنەوە، نەخش و نیگاری سەر دیوارەکانی لە کاتی خۆیدا ناوازە و نایابە، لە ساڵی 1805 ی زایینی و بە فەرمانی ئەمانوڵڵا خانی ئەردەڵان درووست کراوە.
هاجەرەخاتوون
هاجەرەخاتوون لە شەقامی سەڵاحەدینی ئەیوبی و لە گەڕەکی سەرتەپۆڵەی شاری سنەدا هەڵکەوتووە. بە گوێرەی وتەکان ئەم کەسایەتییە خوشکی ئیمام ڕەزایە کە لە سەفەری بۆ خۆراساندا لە کوردستان کۆچی دوایی دەکات و لەم شوێنەدا بە خاک دەسپێردرێت، لەم مزگەوتەدا چەند گۆڕی کەسایەتی و کەسی گەورەی شاری سنەی تێدایە.
تەلاری وەکێڵ
ئەم تەلارە گەورەیە کەوتووەتە سەر شەقامی وەکێڵ و کشاوەرزی ئێستا، لەخۆگری سێ حەوشە بە تەلاری تایبەت بە خۆیانەوە و حەمامێکی تایبەتی لە ناو تەلارەکان و حەمامێکی گشتی لە دەرەوە. بەشی سەرەکی تەلاری وەکێڵ لە سەردەمی زەندییە درووستکراوە و بەشەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی قاجاڕ./.