مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەیدا بۆ عێراق و لە هەنگاوێکی بێ وێنەدا گەیشتە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانە لە لایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا. ئەڵبەت پێش ئەوە لە فڕۆکەخانەی بەغدا سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی پەیامنێری کەناڵی ڕووداو بە زمانی کوردی پەیامێکی گرنگی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کرد و وتی کە ” سڵاو دەنێرم بۆ ئەوان و لە خزمەت ئەواندا دەبین، بە یارمەتی خودا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەم و لەوێ وتووێژمان دەبێت، بەرنامەی سەردانەکەمان بۆ عێراق، هەرێمی کوردستانیش لە خۆ دەگرێت، پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە ئێستادا باشە و بە یارمەتی خودا بۆ پتەوکردنی هەوڵ دەدەین و لەم سەردانەدا سەرجەم پرسەکانی سیاسی، ئابوری، زانستی، ئەمنی و کەلتوری تاوتوێ دەکەین “.
وەڵامەکەی مەسعود پزیشکیان بە زمانی کوردی و یەکەم سەردانی فەرمیی سەرۆک کۆمارێکی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان کاردانەوەی زۆری لە میدیای کوردی و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبووە. پزیشکیان یەکەم سەرۆک کۆمارە کە لە مێژووی پەیوەندییەکانی ئێران و کوردستانی عێراق سەردانی ئەم ناوچەیەی کردووە.
گرنگی سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان لەوەدا بوو کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ” خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاتنی بەڕێز پزیشکیان خۆشحاڵن، سەردانی بەڕێزیان وەک یەکەم سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کوردستان بە هەموو مانایەک بۆ ئێمە مێژووییە، ئێمە لە گەڵ ئێران هاوبەشییەکی زۆرمان هەیە، هیچ کات موڵەتی ئەوە نادەین خاکی هەرێمی کوردستان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەکار بهێندرێت، لە کۆبوونەوەکاندا جەختمان لە سەر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و پرسە ئەمنییەکاندا کردەوە و ئامادەیی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان بوونی هەیە “.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستانیش کۆبووە. دواتر سەردانی سلێمانی کرد و لە لایەن بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا. سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی مەزاری جەلال تاڵەبانیی کرد و ڕێزی لە خەبات و سیاسەتەکانی سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق گرت.
سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەولێر و سلێمانی، وەرزێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لایە، پەیوەندییەک کە مێژوویەکی زۆری لە برایەتی و پێکەوەبوون و هاوبەشی هەیە و دەستی تێکدەری دوژمنان ئەگەرچی لە چەندین قۆناغدا کاریگەریی لە سەر پەیوەندییەکان هەبووە بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە پەیوەندییەکانی ئێران و کوردانی عێراق بپچڕێنێت./.