بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسعود پزیشکیان لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کەناڵی جزیرە سەبارەت بە ناردنی مووشەک لە ئێرانەوە بۆ یەمەن بە مەبەستی هێرشکردنە سەر ڕژێمی زایۆنیستی (وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشە مووشەکییەکەی ڕۆژانی ڕابردوو)، وتی: لە ئێستادا ڕۆیشتنی خەڵک بۆ یەمەن یەک هەفتە کاتی دەوێت، ئەو مووشەکە لە کوێوە نێردراوە کە ئەوان نەیانبینیوە؟ واتە شتێک کە هیچ کات ناکرێت. ئێمەش لەو مووشەکەمان لە ئێراندا نییە و گەیشتن بە وەها مووشەکێک کاری یەک ڕۆژ و یەک هەفتە نییە. زانست و کارامەیی بە تێپەڕبوونی کاتی زۆر مسۆگەر دەبێت. گەیشتن بە وەها تەکنۆلۆژیایەک لە یەک ساڵدا ناکرێت.
سەرۆک کۆماری ئێران وت: ئێمە و یەمەن لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستیدا تێڕوانینێکی هاوبەشمان هەیە. ئەو ڕژێمە لە بەرامبەر چاوی جیهانیانەوە خەڵک کۆمەڵکوژ دەکات، کەسیش قسەیەک ناکات. ئەمریکا و ئەورووپا بۆمب و مووشەک بە ڕژێمی زایۆنیستی دەدەن و نیگەرانی غەززە و فەڵەستین نین.
پزیشکیان وتی: مافی مرۆڤ و جیهانی شارستانی نابێت موڵەتی ئەوە بدەن هەندێک بە پشت بەستن بە هێزی سەربازی خەڵک کوشتار بکەن و پاشان بڵێن ئێران مووشەکی بە ڕژێمی زایۆنیستی داوە، ئەوان دەزانن ئێران ناتوانێت مووشەک بۆ یەمەن بنێرێت، ئێران مووشەکی هایپرسۆنیکی هەیە بەڵام لەو جۆرەی یەمەنییەکانی نییە.
ناوبراو وتی: یەمەنییەکان پێش ڕوودانی ئەم شەڕە هێزی مووشەکییان هەبوو و ئێستا خۆیان مووشەک بەرهەم دێنن، ئەڵبەت ئێمە و یەمەن پێکەوە پەیوەندیمان هەیە و نامانەوێت ڕژێمی زایۆنیستی فەڵەستینییەکان کۆمەڵکوژ بکات. ئێمە دەمانەوێت ئەو ڕژێمە ڕەچاوی یاسا نێودەوڵەتییەکان بکات. لە کوێ یاسای نێودەوڵەتی موڵەتی ئەوەی داوە ئەو ڕژێمە مرۆڤەکان کۆمەڵکوژ بکات و هێرش بکاتە سەر نەخۆشخانەکان؟/.