بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە سەرەتای هەفتەی یەکگرتوویی ئیسلامیدا، کۆمەڵێک لە زانایان، ئیمامانی هەینی و بەڕێوەبەرانی خوێندنگە ئیسلامییەکانی سوننە لە سەرتاسەری ئێران، چاویان بە حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی کەوت.
ئەم چاوپێکەوتنە بە مەبەستی پتەوکردنی تەبایی و یەکگرتوویی نێوان موسڵمانان و لێکۆڵینەوە لە پرسە گرنگەکانی جیهانی ئیسلام بەڕێوەچوو.
لەم چاوپێکەوتنەدا ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی پاراستنی ناسنامەی بەنرخی “نەتەوەی ئیسلامی” یان بە پێویستی زانی و جەختیان لە گرنگی یەکگرتوویی ئیسلامی و بەرەنگاربوونەوەی هەوڵی بەدخوازان بۆ شێواندنی کردەوە و وتیان: پرسی نەتەوەی ئیسلامی هیچ کات نابێت لەبیر بکرێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لەم چاوپێکەوتنەدا کە بە بۆنەی دەسپێکی هەفتەی یەکگرتوویی و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پڕ بەرەکەتی پێغەمبەری گەورەی ئیسلام حەزرەتی محەممەد مستەفا (د.خ) بەڕێوەچوو، وتیان: پرسی ناسنامەی نەتەوەی ئیسلامی پرسێکی بنەڕەتییە و سنورە جوگرافییەکانیش ڕاستی و ناسنامەی نەتەوەی ئیسلامی ناگۆڕێت.
بەڕێزیان بە ئاماژەدان بە هەوڵە دوژمنکارانەکان بۆ بێباککردنی موسڵمانان لە ناسنامەی ئیسلامی خۆیان، وتیان: دژ بە فێرکارییە ئیسلامییەکانە کە موسڵمان بێ ئاگا بێت لە ئازارەکانی موسڵمانێکی دیکە لە غەززە یان ناوچەکانی دیکەی جیهان.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران زانایانی سوننەی بە پشت بەستن بە ناسنامەی ئیسلامی و نەتەوەی ئیسلامی بانگهێشت کرد و بە ئاماژەدان بە دیزاین و چالاکییە مێژووییەکانی خێرخوازان بۆ لەناوبردنی جیاوازییە مەزهەبییەکان لە جیهانی ئیسلامی و بە تایبەت لە ئێراندا، وتیان: دوژمنان ئامرازی فیکری و پڕوپاگەندە بەکاردەهێنن و لە ڕووی ئابورییەوە هەوڵی جیاکردنەوەی شیعە و سوننە دەدەن لە وڵاتی ئێمە و هەر ناوچەیەکی دیکەی ئیسلامیدا و بە ناچارکردنی خەڵکی هەردوولا بۆ قسەی ناشرین لەسەر یەکتر، پەرە بە ناتەبایی دەدەن.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی چارەسەر و شێوازی مامەڵەکردن لە گەڵ ئەم پیلانگێڕیانەیان بە پشت بەستن بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی ناوبرد و جەختیان لەوە کردەوە کە پرسی یەکگرتوویی تاکتیک نییە بەڵکو پرەنسیپێکی قورئانییە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕسی ئیسلامی ئێران وتیان: بێگومان سەرەڕای زۆری پیلانگێڕییەکان، کۆمەڵگای سوننەمان بە پەرۆشەوە ڕوبەڕوی ئەو پاڵنەرە دوژمنکارانە بوونەتەوە، ئەمەش بەڵگەی ئەو ١٥ هەزار شەهیدە سوننەیە کە لە سەردەمی هەشت ساڵەی بەرگری پیرۆزدا گیانی خۆیان بۆ پاراستنی ئێرانی ئیسلامی بەخشیوە.
بەڕێزیان لە کۆتاییدا وتیان: ئەمڕۆ یەکێک لە ئەرکە گرنگەکان پشتیوانیکردنی ستەملێکراوانی غەززە و فەڵەستینە و ئەگەر هەر کەسێک سەرپێچی لەو ئەرکە بکات، بە دڵنیاییەوە لە بەردەم خودادا لێپرسینەوەی لە گەڵ دەکرێت./.