بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆبوونەوەی سەرۆکی کۆمیسیۆنە تایبەتمەندەکانی ژووری ئێران بە ئامادەبوونی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی ژوور، بە کارنامەی ڕادەستکردنی بەڕێوەبردنی پێشانگاکان بە ژووری ئێران و هەروەها داواکاری کەسانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ڕاوێژکاری ئابوری لە نێوان چالاکوانانی ئابوریدا بەڕێوەچوو.
چاودێری کوالیتی هەناردەی ئێران بۆ عێراق بکرێت
سەمەد حەسەنزادە، سەرۆکی ژووری ئێران لەو کۆبوونەوەدا وتی: هەموومان چاومان لەوەیە هەنگاوێک لە ژووری ئێران بۆ چارەسەری کێشە و ناتەواوییە ئابورییەکان هەڵبگرین و بۆ ئەوەی لەو ئاراستەیەدا سەرکەوتوو بین، پێویستە دەرفەتی ئابوری لە هەر ناوچەیەکدا بڕەخسێنرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ژووری ئێران باسی لە سەردانی ئەم دواییەی لە گەڵ شاندی حکوومەت و سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق کرد و وتی: لەم سەردانەدا بە هۆی دانوستان و پەیماننامەی واژۆکراو، شتی باش ڕوویدا، لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا دانوستاندنێک هەبوو لەسەر داوای 900 ملیۆن دۆلاریی 40 کۆمپانیای ئێرانی کە لە دوای هێرشی داعش عێراقیان بەجێهێشت بەهۆی نەبوونی ئاسایش و تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون لە وەرگرتنی داواکەیان لە عێراقییەکان و ئەوەش وابوو بڕیاریدا کە لیژنەیەکی ٣ کەسی لە عێراق و ئێرانەوە بۆ بەدواداچوون و کۆکردنەوەی داواکارییەکانی ئەو کۆمپانیایانە پێک بهێندرێت.
حەسەن زادە هەروەها ئاماژەی بە کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرۆکی ژووری بازرگانی عێراق دا و وتی: لەم کۆبوونەوەدا باس لەوە کرا کە هەرچەندە بەرهەمە ئێرانییەکان بە کوالیتی و ستانداردی باش بەرهەم دەهێنرێن، بەڵام ڕێکلامی زیانبەخش هەیە دژی بەرهەمە ئێرانییەکان و وڵاتانی تورکیا، هیندستان، میسر، سعوودیە و چین وەبەرهێنان دەکەن بۆ ئەوەی دەست بە سەر بازاڕی عێراقدا بگرن.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕکابەرانەی کە لە بازاڕی عێراقدا هەمانە، پێویستە هەناردەکاران وریا بن و چاودێری کوالیتی بەرهەمەکانیان بکەن بۆ ئەوەی نەبنە هۆی بێ ناوبانگی بۆ کاڵا ئێرانییەکان لەم وڵاتەدا.
وتیشی کە بازاڕی عێراق دەرفەتی زۆری هەیە لە بواری خزمەتگوزاری ئەندازیاری تەکنیکی، پیشەسازی خۆراک، پترۆکیمیا، پلاستیک و هتد بۆ چالاکوانانی ئابوری ئێران کە هیوادارین لە سەردانەکانی داهاتووی بەرپرسانی باڵای حکومەت، بە ڕێکوپێکی بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش بۆ ئابوری وڵات، پلانی باشتر بۆ ئامادەبوونی شاندە ئابورییەکان دابنرێت./.