بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەم ڕۆژانەدا پێدەچێت بەشێک لە سەرکردەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لەوان بنیامین نتانیاهۆ پێداگرن لە سەر کردنەوەی بەرەیەکی نوێ بۆ ئەوەی خۆیان لە کەرتی غەززە دەربهێنن، ئەمەش لە سەروبەندی یەکەم ساڵیادی ڕووداوەکەی ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ و سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی دژی کەرتی غەززە، هەڵگیرسانی شەڕ دژی لوبنان و هێرشکردنە سەر حزبوڵڵایە. هەندێک لە شرۆڤەکاران دەڵێن کە نتانیاهۆ ئامانجێکی سەرەکی هەیە بە کردنەوەی بەرەیەکی نوێ، ئەویش پەلکێشکردنی ئەمریکایە بۆ شەڕ و لێدانی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.
بەڵام ڕۆژی یەک شەممە 1٥ی ئەیلول شتێکی گرنگ لەم ڕووەوە ڕوویدا. هێزە چەکدارەکانی یەمەن پێگەیەکی سەربازییان لە تەلئەبیب کردە ئامانج کە لە مووشەکێک زیاتر نەبوو و مووشەکەکەش دوای تێپەڕبوونی بە چەند چینێکی بەرگری بەهێز و پێشکەوتووی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی، سەرکەوتووانە گەیشتە تەل ئەبیب.
وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن، لە بەیاننامەیەکدا بۆ یەکەمجار پەردەی لە سەر ئەم جۆرە مووشەکەی یەمەن لادا کە بە هایپەرسۆنیک ناوی بردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم مووشەکە کە لە یەمەن درووستکراوە، دوو قۆناغە و سووتەمەنی تۆکمەی هەیە .بەڵام ئەمە خاڵی گرنگ نەبوو، خاڵی گرنگ شتێک بوو کە یەمەن ڕای نەگەیاند، واتە ئەم کارەی نەبەستەوە بە تۆڵەسەندنەوەی خۆیەوە لە پەیوەندی لە گەڵ هێرشی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر دامەزراوە مەدەنییەکان لە بەندەری حودەیدە لە یەمەن. یەحیا سەریع نەیگوت ئەم هێرشە بەم جۆرە مووشەکەوە تۆڵەی ئەو هێرشەی ڕژێمی زایۆنیستییە، ئەمە خاڵی گرنگ و نیگەرانکەر بۆ زایۆنیستەکانە.
پێدەچێت هێرشی یەمەن بۆ ناو دڵی تەل ئەبیب پێشبینی شەڕێکی زۆر جیدی هێزە چەکدارەکانی یەمەن بێت، ئەگەر بنیامین نتانیاهۆ دەستپێشخەری شەڕێک دژی لوبنان و حزبوڵڵا بکات، شەڕێک کە لە یەمەنەوە دیمەنی زیاتریشی لێ دەبینرێت.
سەرکەوتنی مووشەکی هایپەرسۆنیکی یەمەن کە لە ماوەی کەمتر لە 12 خولەک مەودای زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەتری بڕی و گەیشتە تەل ئەبیب، تەنیا لە تێپەڕین بە چینە بەرگرییەکاندا سنووردار نییە. ئەم مووشەکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی یافا کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر ئامانجەکەی لە تەل ئەبیب پێکا، بە ڕوونی پیشانی دەدەن کە ڕژێمی زایۆنیستی دەبێت هۆشدارییەکانی یەمەن بە جیدی وەربگرێت، چونکە سەنعا بە پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا و بەریتانیا لە دەریای سوور، بە مووشەک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بە ڕژێمی زایۆنیستیی ڕاگەیاند کە توانای ئەوەی هەیە لە هەر شوێنێکی فەڵەستینی داگیرکراودا، ئەگەر پێویست بکات، خاڵە هەستیارەکانی زایۆنیستەکان بپێکێت و یەمەنیش هەروایە بە تەواوی ئامادەکاری بۆ ئەم بابەتە کردووە تەنیا لە دوو قۆناغدا (یەک مووشەک و یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) بە سەرکەوتوویی هێزی خۆی تاقیکردۆتەوە.
بۆ تەنیا یەک مووشەک؟
ڕەنگە بەو مانایە بێت کە سەنعا بە تەل ئەبیب دەڵێت کە ئەم مووشەکە پێشبینییەکە بۆ وەڵامدانەوەی یەمەن بۆ هەر هەنگاوێکی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی لوبنان و حزبوڵڵا. سەنعا دەڵێت، من هێشتا لە چوارچێوەی پاڵپشتیکردنی غەززە هەنگاو دەنێم و بەنیازم مەودای شەڕەکە زیاد بکەم، بەڵام ئەگەر ڕژێمی زایۆنیستی لەوە زیاتر بڕوات و بچێتە قۆناغی شەڕ لە گەڵ لوبنان، ئەوا یەمەنیش دەچێتە ناو قۆناغی نوێی شەڕەکەوە و ڕژێمی زایۆنیستی دەبێت چاوەڕێی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی “فەڵەستین- ٢” و “یافا” بکات.
ڕەنگە مانایەکی دیکە ئەوە بێت کە بنیامین نتانیاهۆ و شەڕخوازەکانی دەزانن کە کاتێک یەمەن سەرەڕای بەرگەگرتنی فشارەکانی شەڕی ٩ ساڵەی سعوودیە بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئەمریکا، ئێستا مووشەکێکی لەو شێوەیەی هەیە و تەنیا ١2 خولەکی دەوێت تا دەگاتە تەل ئەبیب لە کاتی هەڵدانیەوە، ئایا حزبوڵڵا مووشەکێکی هاوشێوە یان باشتری نییە؟ ئەگەر حزبوڵڵا تەقە بکات چەند خولەک دەخایەنێت؟ بۆیە هەر لەبەر ئەمەشە کە بەرپرسێکی پێشووی ئەمنی لوبنان لە وەڵامی پرسیارێکی دیپلۆماتکارێکی ڕۆژئاوایی سەبارەت بەوەی کە ئایا حزبوڵڵا مووشەکی هایپەرسۆنیکیشی هەیە، ڕایگەیاند کە سرووشتییە ئەوەی لە کۆگاکانی چەکی تاران یان سەنعادا هەیە، بە هەمان شێوە لە کۆگاکانی حزبوڵڵاشدا هەبێت.
لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێین کە:
ئەگەر نتانیاهۆ هەوڵی درووستکردنی قەیرانێک لە دڵی قەیرانی ئێستا و تێکدانی دۆخی ناوچەکە بە ئامانجی تێوەگلانی ئێران لە شەڕێکدا لە گەڵ ئەمریکا بدات، باشترە بزانێت لە ئەگەری هەنگاوی سەربازیی هەمەلایەنە دژی لوبنان، بە بێ ئەوەی پێویست بێت ئێران تێوەگلێنێت، مووشەکی وەک هایپەرسۆنیکی یەمەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وەک یافا و نموونە وردتر و بەهێزترەکانی لە خودی حزبوڵڵاشەوە چاوەڕێی دەکەن.
ئەگەر ئەندامانی بەرەی خۆڕاگری نەیانهێشتووە ڕژێمی زایۆنیستی بتوانێت حەماس لەناوببات، بەدڵنیاییەوە لە ٧ی تشرینی یەکەمدا ڕەهەندەکانی دیکەی هێزی خۆیان بە زایۆنیستە بریندارەکان پیشان دەدەن، وەک پشتیوانییەک لە حزبوڵڵا، بۆ ئەوەی ئەم برینە بەردەوام بێت لە خوێنبەربوون. باشتر وایە ڕژێمی زایۆنیستی گوێ لە قسەکانی هۆخشتاینی ئەمریکی بگرێت کە لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی تەل ئەبیب لە دەستپێکردنی شەڕێکی نوێدا ڕابگرێت، وتی کە هیچ ئامرازێک نابینم لە فراوانکردنی بازنەی شەڕەکە لە بەرەی باکور بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانی باکوری ئیسرائیل (فەڵەستینی داگیرکراو) بۆ ماڵەکانیان. بۆیە پەیامی هایپەرسۆنیکی یەمەن ئەوەیە کە نتانیاهۆ نابێت زیاتر لەمە زایۆنیستەکان ئاوارە بکات./.