بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە پێی زانیارییەکان، لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق گەیشتنە ڕێککەوتنێك لە سەر پلانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە خاکی عێراق، هەر بە پێی ڕێكەوتنەكە دەبێت تا مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتوو سەدان سەرباز عێراق بەجێبهێلن.
بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی بلۆمبێرگ، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە عێراق جێگیرکراون بۆ هاوکاریی هێزە عێراقییەکان بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش، دوای ئەوەی لە ساڵی 2014دا ناوچەیەکی فراوانی عێراق و سوریای داگیركرد، بەڵام لە ساڵی 2017 شكستی داعش ڕاگەیێندرا.
لە لێدوانێکدا بۆ ئەو ئاژانسە، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەختی لەوەکردووەتەوە کە هێزەكانی ئەمریكا سەرکەوتوو بوون لە شکستپێهێنانی داعش بۆیە پێویستیمان پێیان نەماوە و بە پێی ڕێکەوتن عێراق جێدەهێڵن./.