بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی وەتەن ی سوریا لە سەر زاری سەرچاوە دیپلۆماسییە عەرەبییەکان لە برۆکسێل ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆبوونەوەیەک لە ئاستی نوێنەرانی تایبەتی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا بۆ کاروباری سوریا و ڕۆژئاوای ئاسیا بەڕێوەچووە کە ئەنجامەکەی گەیشتووەتە پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ تاوتوێکردنی دووبارەی سیاسەتی یەکێتی ئەورووپا لە بەرامبەر سوریا و داڕشتنی سیاسەتێکی نوێ.
ئەم هەنگاوەش یارمەتیدەری سنوردارکردنی سزاکانی سەر گەلی سوریا و کردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتانی ئەورووپی لە دیمەشق دەبێت.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە ئیتالیا گوشاری خستووەتە سەر وڵاتانی ئەورووپی بۆ گۆڕینی تێڕوانینی خۆیان لە بەرامبەر سوریا.
دەوترێت کە ئەڵمانیاش دژایەتی ئەو بۆچوونانەی نەکردووە و فەرەنسا تا ڕادەیەک ڕەخنەی هەبووە بەڵام ناڕەزایەتی توندی لە بەرامبەر ئەنجامی کۆبوونەوەکە نەبووە.
کۆبوونەوەکە بە واتای ئەوەیە کە ڕەوتی چاکسازی و گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا و سوریا دەستیپێکردووە./.