بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەسەن نەسروڵڵا لە وتارێکدا بە بۆنەی کردەوە تیرۆریستییە ئەلیکترۆنییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی و کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی لوبنان، ستایشی هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، سوریا و عێراقی کرد.
ناوبراو وتی: دوژمنی زایۆنیستی لەم تاوانەدا هەموو یاسا و ڕێسا و بەها ئەخلاقی، مرۆیی و یاساییەکانی بەزاند و هیچ هێڵێکی سووری نەهێشتووەتەوە.
سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی: ڕژێمی زایۆنیستی پلانی ئەوەی هەبوو لە یەک کاتدا زیاتر لە 4 هەزار کەس لە ناو ببات و ئەمەش کوشتارێکی بەکۆمەڵ و دەسدرێژییەکی گەورەیە لە دژی گەلی لوبنان و دەسەڵات و سەروەریی ئەم وڵاتە.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: ئەم تاوانەی زایۆنیستەکان بە واتای ڕاگەیاندنی شەڕە، ئێمە لێژنەی لێکۆڵینەوەمان پێکهێناوە و سەرجەم ڕەهەندەکانی ئەم تاوانە تاوتوێ دەکەین و دەگەینە ڕاستی و وردەکارییەکەی.
سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی: دڵنیاین کە لەم تاقیکردنەوە خوداییەدا سەربەرزانە دێینە دەرەوە و بە دڵنیاییەوە دەڵێین کە وەها هێرشێک نابێتە هۆی شکست و لەناوچوونی ئێمە و دوژمن لە سەرەتای شەڕی غەززەوە هەوڵی وەستاندنی بەرەی لوبنانی داوە بەڵام شکستی هێناوە.
ناوبراو وتی: خۆڕاگریی لوبنان درێژە بە خەباتی خۆی لە دژی زایۆنیستەکان دەدات و ئەم بەرە بەهێزە هیچ کات تووشی لاوازی و شکست نابێتەوە و بە دڵنیاییەوە وەڵامی تاوانەکەی ڕژێمی زایۆنیستی لە ئاست و قەبارەی ئەوەی ڕووی داوە، دەداتەوە./.