بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان لە سی و هەشتەمین کۆنفرانسی یەکگرتوویی ئیسلامی کە بە درووشمی ” هاوکاری ئیسلامی و گەیشتن بە بەها هاوبەشەکان بە جەختکردنەوە لە سەر پرسی فەڵەستین ” بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازی ئێرانی و دەیان کەسایەتی لە 30 وڵاتەوە لە تاران بەڕێوەچوو، وتی: بە پێی ئەوەی کە لە قورئاندا هاتووە، هەموو موسڵمانان پێکەوە بران و موسڵمانان دەبێت لە بەرامبەر ناموسڵمانەکان و دوژمنان یەکگرتوو بن، بەڵام ئایا ئێمە وەهاین؟
ناوبراو وتی: ئەورووپییەکان بەو هەموو ناکۆکییەوە سنورەکانیان هەڵگرت و پارەکانیان کردووەتە یەک دراو و بە ئاسانی پێکەوە هاتووچۆ دەکەن بەڵام ئێمە سنورەکانمان دیوار دەکەین و ڕێگری لە یەکتر دەکەین و هەندێک کات یەکتریش دەکوژین، ئەم ناکۆکییە لە لایەن دوژمنانەوە لە نێوان ئێمەدا درووست کراوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: یەکڕیزی و یەکگرتوویی ئیسلامی لە سەروی هەموو شتێکەوەیە، موسڵمانان نوێژ دەخوێنن و ڕۆژوو دەگرن بەڵام پێکەوە لە شەڕدان، ناکۆکی بە واتای سەرپێچیکردنە لە فەرمانەکانی خودا.
مەسعود پزیشکیان وتی: بۆ دوو سێ ملیۆن ئیسرائیلی، موسڵمانان بە پیر و گەنج و پیاو و ژن و منداڵەوە دەکوژن و خوێندنگە و نەخۆشخانەکان و هەموو بۆردومان دەکەن، ئەوان ئەم کارە دەکەن بەڵام ئێمە لە گەڵ یەک نین و تێڕوانینی هاوبەش و یەکگرتوویی ئیسلامیمان نییە و لە سەر شتە سادەکان پێکەوە شەڕ دەکەین.
ناوبراو وتی: یەکگرتوویی ئیسلامی بە واتای ئەوەیە کە ناموسڵمانەکان نەتوانن ئەوەی دەیانەوێت بەرامبەر بە موسڵمانان جێبەجیی بکەن و بێن لە وڵاتانی ئیسلامی بۆ ناکۆکی خستنە نێو موسڵمانان جێگیر بن.
پزیشکیان وتی: ئێمەی موسڵمان دەبێت بە قسە و کردار یەک بین، شەڕ و ناکۆکی تەنیا توانا و دەفرایەتی وڵاتانی ئیسلامی لە ناو دەبات./.