بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ڕووداوەکانی لوبنان ڕایگەیاندووە کە یاسا نێودەوڵەتییەکان دانانی تەڵەی نهێنی لە ئامێرە بێ زیانەکانی قەدەغەکردووە و پێشێلکردنی ئەو یاسایە لە لایەن هەر وڵات و دەزگایەکەوە بێت تاوانی جەنگە و داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و شەفاف دەکەین.
ئەو ڕاگەێندراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەکاتێکدایە کە ڕۆژانی 17و 18ی ئەم مانگە، لە ئەنجامی تەقینەوەی هەزاران ئامێری پەیجەر و وۆکی تۆکی (بێتەل) لە سەرتاسەری لوبنان، 37 کەس کوژران و زیاتر لە سێ هەزاری دیکەش برینداربوون، زۆربەی ئەوانەشی بونە قوربانی، چەکدار و ئەندامی حزبوڵڵا بوون، ڕژێمی زایۆنیستیش تا ئێستا هیچی سەبارەت بە تەقینەوەکان نەوتووە.
هەر لەو بارەیەوە، حزبوڵڵا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ڕژێمی زایۆنیستی دەکات و ئەمریکاش چاوی لە سەر چارەسەری دیپلۆماسییە، ڕۆژی پێنجشەممەى ڕابردووش، کارین ژان پیێر وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی کە جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا هێشتا بڕوای وایە دەکرێت ئەو دۆخەی هەیە چارەسەربکرێت./.