بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمڕۆ 31 ی خەرمانان (21 ی ئەیلولی 2024) ڕێوڕەسمی تایبەت بە ساڵیادی بەرگری پیرۆز لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران بەڕێوەچوو.
دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێوڕەسمی نمایشی هێزە چەکدارەکان لە تاران، وتی: هێزی بەرگری ئێران بووەتە هۆی ئەوەی کە هیچ خەراپەکارێک توانای ئەوەی نەبێت دەسدرێژی بکاتە سەر خاکی ئازیزی ئێمە و بەم بۆنەوە دەستخۆشی لە هێزە چەکدارەکانمان دەکەین.
ناوبراو وتی: گەورەترین گیانفیدایی لە ساڵانی بەرگری پیرۆز لە شەڕی هەشت ساڵەی سەپێندراوی سەدام لە دژی ئێران ڕوویدا و ئەو گیانفیداییە بوو کە دوژمنی بەعسیی لە دەسدرێژیکردنە سەر خاکی ئێران بێهیوا کرد.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: هێزەکانی وشکانی، ئاسمانی، دەریایی و سوپای بەهێز و ئەوانەی کە بەرگرییان لەم وڵاتە دەکرد، لە ساڵانی شەڕی سەپێندراوی سەدام لە دژی گەلی ئێران هاتنە گۆڕەپانەکەوە و دەرفەتی ئەوەیان نەدا یەک بست لە خاکی پاکی نیشتمان بکەوێتە دەستی دوژمنەوە.
پزیشکیان وتی: ئەم سەربەرزییە ئەنجامی خەباتی زانایانە کە هێزی سەربازیی وڵاتیان گەیاندووەتە ئاستێک کە پێویستمان بەوە نییە کەسێک ئێمە پڕچەک بکات.
ناوبراو وتی: ئەمڕۆ بە جیهانی ڕادەگەێنین کە بەدەر لە بەرگریکردنی وڵاتی خۆمان، بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی وڵاتانی ئیسلامی دەتوانین ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بپارێزین و سەربەرزی وڵاتمان بە جیهان پیشان بدەین.
وتیشی کە بەم یەکڕیزییە ئیسلامییە دەتوانین دوژمنی زایۆنیستی تووشی شکست بکەین و ڕێگری لەوە بکەین درێژە بە تاوانەکانی بدات./.