بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاندووە کە هەناردەی کاڵای ئەم وڵاتە لە سێ مانگەی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە سێ مانگەی چوارەمی ساڵی 2023 لەسەدا 15.7 دابەزیوە و لە 27 ملیار و 847 ملیۆن دۆلار گەیشتووەتە 23 ملیار و 474 ملیۆن دۆلار.
بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاندووە کە هەناردەی نەوتی ئەم وڵاتە لە سێ مانگەی یەکەمی ساڵی 2024 لە سەدا 96.7 ی کۆی گشتی هەناردەی لەخۆگرتووە کە بەراورد بە سێ مانگەی کۆتایی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 16.4 دابەزینی هەبووە و ئەمەش بۆ دابەزینی لە سەدا 10.7 ی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەی بانکی ناوەندی عێراقدا هاتووە کە هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکانی وەک نەفتا و گازۆییل و هتد لە سەدا 2.7 ی کۆی گشتی هەناردەی لە سێ مانگەی یەکەمی ئەمساڵ لەخۆگرتووە.
ڕاشیگەیاندووە کە هەناردەی کاڵاکانی دیکە لە سەدا 0.6 ی کۆی گشتی هەناردە بووە و بەشێکی بەرچاوی کەرەستەکانی پیشەسازی، هەندێک مادەی خۆراکی و خواردنەوە ئامادەکراوەکان بۆ بەکارهێنانی خێزانەکان بووە./.