بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆشان شاکیر ڕۆژنامەنووسی دیاری تورکیا لە بابەتێکدا کە ڕۆژنامەی “زەمان”ی تورکی بڵاویکردووهتەوە باسی لە هۆکارەکانی پێداگریی ئەردۆغان لە سەر کۆبوونەوە لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا کردووە، کە بە وتەی ئەو ڕۆژنامەنووسە، پێداگرییەکەی سەرۆکی تورکیا بۆ چەند فاکتەرێک دەگەڕێتەوە.
یەکێک لەو خاڵانەی ڕۆشان شاکیر ئاماژەی پێکردووە قبوڵکردنی بەشار ئەسەد و دەسەڵاتەکەیەتی، چونکە ئەردۆغان ئێستا هیچ ڕێگەیەکی دیکەی لە بەردەستدا نییە جگە لە قبوڵکردنی بەردەوامیی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سوریا، ئەوەش بەو هیوایەی ئەوەی لە وڵاتانی وەک تونس و لیبیا ڕوویدا لە سوریا دوبارە نەبێتەوە.
یەکێکی دیکە لەو فاکتەرانە چارەسەرکردنی پرسی پەنابەرانی سوریایە، ئەردۆغان دڵنیابووەتەوە لە پێویستی چارەسەرکردنی پرسی پەنابەرانی سوریا کە بووەتە قەیرانێکی ناوخۆیی لە تورکیا و بەرەو خەراپتربوون دەچێت، ئەمەش پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی لە گەڵ ئیدارەی ئەسەد هەیە بۆ ئەوەی هەنگاوی کاریگەر بنێت.
گرنگترین خاڵێک کە ڕۆشان شاکیر باسی دەکات، بابەتی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی کوردییە لە سوریا. ئەردۆغان هەوڵدەدات ڕەزامەندی و پشتیوانی حکومەتی دیمەشق بەدەستبهێنێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پلانی دەسەڵاتی سەربەخۆی کوردی کە لە لایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت لە باکوری سوریا./.