بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی پەیمانی داهاتوو لە نیۆیۆرک، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بۆچوون و تێڕوانینەکانی خۆی سەبارەت بە بەڵگەنامەی پەیماننامەی داهاتوو لەم ڕێکخراوەدا تۆمار کردووە. بەهێزکردنی سیستەمی فرەلایەنی بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ شەڕ و هەڵاواردن و هەژاری و برسێتی لە بنەڕەتدا دەبێت بنەمای کاری هاوبەش بێت بۆ داهاتوو. ڕۆڵی ڕۆشنبیری و خێزان و وتووێژی نێوان نەوەکان، گرنگیدان بە ڕۆڵی ژنان و گەنجان و بەهێزکردنیان حاشا هەڵنەگرە.
ناوبراو وتی: ئەولەویەتەکانی حکومەت لە سەر ئاستی ناوخۆ بریتین لە گرنگیدان بە تەندرووستی، پەروەردەی گشتی، خۆشگوزەرانی گشتی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، کەمکردنەوەی نایەکسانی و دابەشکردنی درووستی داهات، بەهێزکردنی دامەزراوەی خێزان، فراوانکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بەهێزکردنی گەنجان و سوود وەرگرتن لە ژینگە.
دکتۆر پزیشکیان وتی: گەیشتن بە ئاشتی و گەشەپێدان پێویستی بە ڕێزگرتن لە مافی وڵاتان بۆ گەشەسەندن و گرنگیدان بە ئەولەویەتەکانی گەشەپێدان و تایبەتمەندییە کەلتورییەکان و ڕەچاوکردنی بنەماکانی دادپەروەری و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو بەرامبەر بە وڵاتانی تازەپێگەیشتو هەیە. سزای یەکلایەنە بووەتە هۆی وەستاندنی گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام و پێویستە ئەم ڕاستییە بخرێتە ناو هەر بەڵگەنامەیەکەوە کە بۆ داهاتوو ئامادە بکرێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێشنیار دەکەم ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی گشتگیر پێشکەش بە کۆمەڵەی گشتی بکات لە گەڵ ئەو وڵاتانەی کە بوونەتە قوربانی گەمارۆ تاکلایەنەکان. ئێمە داوای چاکسازی خێرا لە هەیکەلی حوکمڕانی و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بە مەبەستی گەرەنتیکردنی وڵاتانی تازەپێگەیشتو لە بڕیاردان و ستانداردکردن و پێکهێنانی پێکهاتەیەکی دادپەروەرانە و وەڵامدەرەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانی ئەو وڵاتانە.
پزیشکیان وتی: پەیمانی داهاتوو و پەیمانی دیجیتاڵی جیهانی دەبێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی بۆشایی نێوان باکور و باشوری جیهان، بەتایبەتی لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای نوێ و بنیاتنانی توانا و لابردنی ئاستەنگەکانەوە. ئێمە پێمان وایە بەشدارییەکی یەکسان و کاریگەرانەی باشوری جیهان لە حوکمڕانی جیهانی ئینتەرنێت و زیرەکی دەستکرد و ڕێزگرتن لە یاسا نیشتمانییەکانی وڵاتان و مامەڵەکردن لە گەڵ قۆرخکاریدا پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە.
ناوبراو وتی: ئێمە دەمانەوێت جیهانێکی دوور لە چەکی ئەتۆمی و ناوچەیەکی دوور لە چەکی کۆمەڵکوژ بە بێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت. ئێمە وەک قوربانییەکی تیرۆر هەمیشە لە پێشەنگدا بووین لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردە ترسناکە و ئامادەین هاوکاری ئەو وڵاتانە بکەین کە بە دوای شەڕێکی ڕاستەقینەی تیرۆردا دەگەڕێن. ئێران ناوچەیەکی بەهێز و یەکگرتوو و ئەمن و سەقامگیری دەوێت کە بەرژەوەندی وڵاتان بۆ هاوکاری بۆ پێشکەوتنی ئابوری و کۆمەڵایەتی و چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکان بەکاربهێنرێت.
لە کۆتاییدا سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە جیهانێکدا کە خەڵکی سڤیل بە شێوەیەکی دڕندانە لە غەززە دەکوژرێن و تیرۆری دەوڵەتی کوێر ژن و منداڵان دەکوژێت و پشتگیری لە جینۆساید و تیرۆر دەکات، هیچ بەڵگەنامەیەک گەرەنتی ئاشتی و گەشەسەندن ناکات. کۆتایی هاتنی داگیرکاری و کۆتایی هاتنی ئاپارتاید لە فەڵەستین و ئاگربەستی دەستبەجێ لە غەززە مەرجی پێشوەختە بۆ گەشەسەندن و ئاشتی جیهانییە. کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە ئامادەیە هاوکاری لە گەڵ وڵاتانی دیکەدا بکات./.