بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە مەبەستی بەشداری لە دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نیۆیۆرکی کردووە، لە وتووێژی لە گەڵ کەناڵی CNN وتی: هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر لوبنان بووەتە قەیرانێکی گەورەی مرۆیی کە مەترسی سەرهەڵدانی شەڕێکی گەورەی لە ناوچەکە لێدەکەوێتەوە.
ناوبراو وتی: مەترسی پەرەسەندنی ئاگری ڕووداوەکانی ئێستای لوبنان لە ناوچەکەدا هەیە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا تاران داوا لە حزبوڵڵای لوبنان دەکات دان بە خۆیدا بگرێت، وتی: حزبوڵڵا ڕوبەڕوی ڕژێمێک بووەتەوە کە بە هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو دەستی دەگات و بەو چەکانەش کۆمەڵکوژی دەکات.
پزیشکیان وتی: نابێت موڵەتی ئەوە بدەین کە ڕژێمی زایۆنیستی لوبنان بکاتە غەززەی دووەم، حزبوڵڵا ناتوانێت بە تەنیایی ئەمە بکات و لە بەرامبەر ڕژێمێکدا بوەستێت کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هەموو ڕوویەکەوە پشتیوانیی دەکەن.
ڕاشیگەیاند کە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە دەتوانێت بگاتە شەڕێکی ناوچەیی کە مەترسی لە سەر داهاتووی جیهان و تەنانەت زەوی بێت، هەربۆیە دەبێت ڕێگری لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بکرێت./.