بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی، لە وەڵامی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی پڕۆپابلیکای ئەمریکی سەبارەت بە هاوکاریی ئەمریکا لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی لە برسیکردنی خەڵکی غەززە، ڕایگەیاند کە ئاشکراکردنی میدیای ئەمریکی پیشان دەدات کە ” ئەنتۆنی بلینکەن” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە هاوبەشی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە “جۆ بایدن” بە ئەنقەست ڕاستی برسیکردنی گەلی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە لە لایەن ڕژێمی داگیرکارەوە شاردووەتەوە و ئەمەش هاوبەشی حکومەتی ئەمریکا و بایدن بە شێوەیەکی شەخسی لە شەڕی کۆمەڵکوژی دژی گەلی فەڵەستین دەسەلمێنێت.
بەیاننامەکەی حەماس بۆ ئەم مەبەستە دەڵێت: ئەو ڕاپۆرتەی کە ئەم ماڵپەڕە ئەمریکییە بڵاویکردووەتەوە، ئەوە دەردەخات کە بلینکەن ڕاستیی ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی هاوکارییەکانی غەززەی لە کۆنگرێس شاردووەتەوە و ترسی ئەوەی هەبووە کە ئەمە کاریگەری لە سەر دابینکردنی چەک بۆ سوپای ڕژێمی داگیرکار هەبێت.
حەماس ڕایگەیاند کە ئەم هەڵسووکەوتە تاوانکارییەی بلینکەن وا دەخوازێت کە نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمریکا و دامەزراوە دادوەرییەکانی ئەم وڵاتە، سەبارەت بەم تاوانەی وەزیری دەرەوە، کە بووەتە هۆی کوشتنی هەزاران فەڵەستینی، یان ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی چەکی ئەمریکییەوە یان لە ڕێگای هاوبەشی لە گەڵ زایۆنیستەکانەوە، لێکۆڵینەوە لە برسێتی خەڵکی فەڵەستین بکەن.
حەماس جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی برسێتی و زەوتکردنی مافە سەرەتاییەکان تاوانێکە کە لە لایەن ڕژێمی قۆرخکاری زایۆنیستییەوە بەردەوامە و سەرەتاییترین ڕێساکانی مافی مرۆڤ پێشێل دەکات.
ئەم بزووتنەوەیە هەروەها داوای لە دامەزراوە دادوەرییە نێودەوڵەتییەکان و بە تایبەت دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان کردووە کە ئەم ڕاپۆرتانە بە جیدی وەربگرن و ڕێکاری یاسایی لە دژی ئەمریکا و بلینکەن وەک بەشداربوویەک لە دەستپێکردنی شەڕی برسێتی دژی گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە بگرنەبەر.
پێشتریش ماڵپەڕی پرۆپابلیکای ئەمریکی لە بەڵگەنامەیەکدا ئاشکرای کردبوو کە ئەنتۆنی بلینکەن درۆی لە گەڵ کۆنگرێس کردووە سەبارەت بە کردەوەکانی ڕژێمی داگیرکار لە کەرتی غەززە./.