بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی ڕۆژی پێنج شەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتی: ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ڕووی لە زیاتربوونە و ئەگەر کۆنتڕۆڵ نەکرێت کارەساتێکی گەورە و کەم وێنەی بە دواوە دەبێت، ڕژێمی زایۆنیستی لە درێژەی تاوانەکانیدا لە غەززە، لە ئێستادا شەڕێکی سەپێندراوی لە دژی لوبنان دەستپێکردووە و خەڵکی بێ تاوانی ئەم وڵاتەی کردووەتە ئامانج.
ناوبراو وتی: ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕێگای تاوانەکانیەوە هەوڵ دەدات خەڵکی غەززە و باشوری لوبنان لە ناوچەکانی خۆیان دەربکات.
عێراقچی بە ئاماژە بە تاوانە تیرۆریستییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی لە تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە لوبنان، وتی: ئەمە ئاشکرابوونی تاوانێکە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە کە ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی خەڵکی کردووەتە ئامرازی کردەوە تیرۆریستییەکانی خۆی و مەترسییەکی گەورەیە لە سەر ئاسایش و ئاشتی جیهانی.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: شەرمەزارییەکی گەورەیە کە ئەمریکا موڵەتی ئەوەی بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەدا تەنانەت بەیاننامەیەک لە دژی ئەم تیرۆرە بەکۆمەڵە دەربکات، وەک چۆن بە چەندین جار ڕێگریی لەوە کردووە ئەنجومەنی ئاسایش لە سەر کۆمەڵکوژیی غەززە هەڵوێستی هەبێت.
وتیشی کە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی، مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی و کەرامەتی مرۆڤەکان هیچ مانایەکی نییە و ئەمریکاش پشتیوانی لە وەها ڕژێمێک دەکات./.