بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد ڕزوانی فەڕ جێگری وەزیری ئابوری و سەرۆکی ڕێکخراوی گومرکی ئێران ڕایگەیاند کە هەناردەی نانەوتی گەیشتووەتە 25 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار و هەناردەی نەوتیش 23 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بووە.
کۆی گشتی هەناردەی نانەوتی ئێران لە شەش مانگەی یەکەمی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی لە سەدا 6.5 بەرزبوونەوەی هەبووە و گەیشتووەتە 25 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار.
محەممەد ڕزوانی فەڕ جێگری وەزیری ئابوری و سەرۆکی ڕێکخراوی گومرکی ئێران ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی هەناردە لە ماوەی شەش مانگەی یەکەمی ساڵی 1403 ی کۆچی هەتاوی لە ڕووی کێشەوە 70 ملیۆن تەن بووە و بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 3.5 بەرزبوونەوەی هەبووە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە لەم ماوەیەدا 23 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار نەوت و 600 ملیۆن دۆلار خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری هەناردە کراوە، وتی: کۆی گشتی هەناردەی ئێران لە شەش مانگەی یەکەمی ساڵی 1403 ی کۆچی هەتاوی گەیشتووەتە 49 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار.
جێگری وەزیری ئابوری ئێران سەبارەت بە ڕێژەی هاوردەش لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی، وتی: لەم ماوەیەدا 32 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار هاوردە هەبووە کە 2 ملیار و 500 نلیۆن دۆلاری ئاڵتوون بووە.
ڕزوانی فەڕ ڕایگەیاند کە لەم ماوەیەدا ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران 82 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بووە.
سەرۆکی ڕێکخراوی گومرکی ئێران سەبارەت بە گەورەترین ئامانجەکانی هەناردە لە 6 مانگەی یەکەمی ئەمساڵ، وتی: چین بە 7 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار، عێراق بە 5 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار، ئیمارات بە 3 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار، تورکیا بە 2 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار، ئەفغانستان بە یەک ملیار و 100 ملیۆن دۆلار، پاکستان بە یەک ملیار دۆلار و هیندستان بە 900 ملیۆن دۆلار لە گەورەترین ئامانجەکانی هەناردەی ئێران بوون.
ئەم 7 وڵاتە بە گشتی لە سەدا 81 ی کێش و 82 ی بەهای کۆی گشتی هەناردەی ئێرانیان لەخۆگرتووە.
محەممەد ڕزوانی فەڕ سەبارەت بە گەورەترین وڵاتانی هەناردەکار بۆ ئێرانیش وتی: زۆرترین کاڵای هاوردەکراوی ئێران لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە ئیمارات بە 10 ملیار دۆلار، چین 8 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، تورکیا 5 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار، ئەڵمانیا یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار، ڕووسیا و هیندستان هەر یەک بە 800 ملیۆن دۆلار و هۆنگ کۆنگ بە 600 ملیۆن دۆلار بووە.
لە سەدا 77 ی کێش و 83 ی بەهای کۆی گشتی هاوردەی ئێران لە شەش مانگەی یەکەمی ساڵی 1403 ی کۆچی هەتاوی لەم 7 وڵاتەوە بووە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە چین بە 15 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار، ئیمارات بە 13 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار و تورکیا بە 7 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، سێ هاوبەشی گەورەی بازرگانی ئێرام لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی بوون./.