بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شیاع سودانی ڕایگەیاندووە کە ئەم کردەوە تاوانکارییە کە زاحیەی باشوری بەیروتی کردە ئامانج، پیشاندەری خواستێکی بێباکانەیە بۆ بڵاوکردنەوەی ململانێکان لە سەر حسێبی هەموو گەلانی ناوچەکە و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە پرسە گەورەکانی فەڵەستین و خۆڕاگریی لوبنان لە بەرامبەر دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، هەمووی جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەلان لە ئاکامدا سەرکەوتوو دەبن.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جارێکی دیکە هۆشداریی لە بەرپرسیارێتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی گەورەی هەمیشە ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و هەموو وڵاتانی کاریگەری ناوچەکە دا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی گەلانی فەڵەستین و لوبنان.
سودانی جەختی لە سەر هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق بۆ پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەم هەڵوێستە بە پێی شەرعییەتی نێودەوڵەتی و بنەما مرۆیی و ئەخلاقییەکانە و سەرکەوتنی کۆتایی بۆ ئەو گەلانەیە کە پابەندن بە خاک و شارستانیەتی خۆیانەوە./.