بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وشکبوونەوە پۆلێن دەکرێت بۆ وشکبوونەوەی سووک ، مامناوەند و توند، سووک دابەزینی تا ٥٪ـی کێشە، دابەزینی کێش بە رێژەی ٥-١٠٪ مامناوەندە و زیاتر لە ١٠٪ دابەزینی کێش وشکبوونەوەی توندە.
پێویستە گرنگی بە شەش ئاگادارکردنەوە بدەیت کە جەستە دەینێرێت کاتێک پێویستی بە شلەمەنی هەیە:
1 – وشکبوونەوەی دەم و پێست، نیشانەیەکی ڕوونی وشکبوونەوەی جەستە بریتییە لە دەم و پێست کە تێیدا بەرهەمهێنانی لیک کەم دەبێتەوە، زۆرجار لێو تووشی قڵیشان دەبێت، ئەمە وادەکات زیاتر هەست بە وشکبوونەوە بکەیت.
2 – میزی تۆخ، نیشانەیەکی کەمتر دیار بەڵام بە هەمان شێوە گرنگ بۆ وشکبوونەوە ڕەنگی میزە، ئەگەر ڕەنگی میز لە ئاسایی تۆختر بوو، ئەمە مانای وایە کە جەستە بڕی ئاو تێیدا کەم بووەتەوە.
3 – سەرئێشەی زۆر، سەرئێشە یەکێکی ترە لە نیشانە باوەکان کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئاوی پێویست ناخۆیتەوە، وشکبوونەوە دەبێتە هۆی سەرئێشە چونکە کەمی شلە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی قەبارەی خوێن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی رۆیشتنی ئۆکسجین بۆ مێشک، لە کاتێکدا ناوبەناو سەرئێشە ئاساییە، سەرئێشەی بەردەوام ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تۆ بەدەست وشکبوونەوەی درێژخایەن دەناڵێنیت.
4 – هەستکردن بە ماندوێتی، وشکبوونەوەی جەستە دەبێتە هۆی هەستکردن بە ماندوێتی، کەمیی ئاو دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن و نەگەیشتنی ئۆکسجین بۆ خانەکانت، ئەمەش وادەکات هەست بە ماندوێتی یان بێهێزی بکەیت بە بەردەوامی.
5 – گرژبوونی ماسولکەکان، وشکبوونەوەی جەستە دەبێتە هۆی گرژبوونی ماسولکەکان، کاتێک جەستە شلە و خوێیە پێویستەکان لە دەست دەدات لە رێگای ئارەقکردنەوە ئاو رۆڵێکی گرنگی هەیە لە رێکخستنی کارکردنی ماسولکەکان و پاراستنی هاوسەنگی کانزاکان لە جەستەدا، کە زۆر گرنگن بۆ رێگریکردن لە گرژبوونی ماسولکەکان.
6 – سەرگێژخواردن، لەوانەیە هەست بە سەرگێژخواردن بکەیت بە هۆی وشکبوونەوە لە جەستەتدا، رۆیشتنی خوێن بۆ مێشک کەم دەبێتەوە و قەبارەی خوێن کەم دەبێتەوە، لە ئەنجامدا هەستکردن بە سەرگێژخواردن یان تەنانەت بێهۆشبوون ڕوودەدات کە نابێت پشتگوێ بخرێت./.