بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ڕەزا ساڵحی ئەمیری لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی گەشتیاری لە شاری تفلیس، وتی: سەرەکیترین ژێرخانی گەشەپێدانی گەشتیاری لە جیهاندا ئاسایشە، ئاسایش تەنیا بە مانای نەبوونی گرژی و ململانێ نییە، بەڵکو چەمکی ئارامی دەروونی بۆ گەشتیاران و پێشکەشکارانی خزمەتگوزاری لەم بوارەدایە.
ناوبراو وتی: هەمووان دەزانن کە گەشتیاری ئامرازێکە بۆ ئاشتی و دۆستایەتی و وتووێژی نێوان گەلان و لە بنەڕەتدا گەشتوگوزار دەروازەی زانینی قووڵ و وردە لە سەر هەموو نەتەوەیەک.
وەزیری گەشتیاری ئێران وتی: گەشتوگوزار میدیای نوێی جیهانی ئەمڕۆیە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و شەفاف نوێنەرایەتی ئاڵوگۆڕی کەلتوری و بەخشندەیی و میوانداری لە نێوان مرۆڤەکاندا دەکات. جیهانی ئەمڕۆ پێویستی بە وتووێژ هەیە و ئەمەش لە ڕێگای گەشتیارییەوە دەتوانێت مسۆگەر ببێت.
ساڵحی ئەمیری لە درێژەدا وتی: گەشتیاری پێویستی بە کۆدەنگی نیشتمانی و ناوچەیی و جیهانی هەیە بۆ داڕشتنی وتووێژ. هاوپەیمانییەک کە هەموو بنەماکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری گەشتیاری پێویستیان پێیەتی بۆ درووستکردنی کۆمەڵگایەکی زیندووتر، ئەمە ئەو بابەتەیە کە سەرۆک کۆماری ئێرانیش جەختی لە سەر کردووەتەوە.
ناوبراو وتی: بە پێی بەڵگە مێژووییەکان، ئێران وڵاتێکی ئاشتی و دۆستایەتییە، هەروەها نیشتەجێبوونی ملیۆن ساڵەی مرۆڤ لە ئێران، شارستانییەتێکی ٧ هەزار ساڵە، خاوەنی ٢٨ میراتی بەرجەستە و ٢٤ میراتی نامەعنەوییە کە لە لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆدا تۆمارکراوە. هەبوونی 11 شار و 3 گوندی تۆمارکراوی پیشەسازی دەستی جیهانی خەڵاتی ئێرانە بۆ جیهان.
وەزیری میراتی کەلتوری، گەشتیاری و پیشەسازی دەستی ئێران وتی: ئەمڕۆ ئێمە بە دەرگای کراوە پێشوازی لە نیوەی دانیشتووانی جیهان دەکەین و بنەمای زیادبوونی کارلێککردنمان لە گەڵ گەشتیارانی دیکەی جیهاندا درووست کردووە کە ئەمەش پەیامێکی ڕوونە سەبارەت بە هەنگاوەکانی ئێران بەرەو ئاشتی و دۆستایەتی لە گەڵ جیهان./.