بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گەڵای نەعنا چەندین بەكارھێنانی جۆراوجۆری هەیە، هەروەک دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ درووستکردنی کوپێک چای ھێوركەرەوە یان زیادکردنی بۆ زەڵاتە و شیرینی و خواردنەکانی تر، جگە لەوەش لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم جیاوازیە جۆراوجۆرانەی گیای نەعنا دەتوانێت ژمارەیەک کاریگەری بەسوود لە سەر تەندرووستی هەبێت.
لە سوودە گرنگەکانی خواردنی نەعنا دەتوانین ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە بدەین:
باشترکردنی فەرمانی کۆئەندامی هەرس:
نەعنا ناسراوە بە تایبەتمەندیيە هێورکەرەوەكەی بۆ گەدە ئەوەش بە ھۆی بوونی زەیت یان مێنسۆڵ کە یارمەتی شلبوونی ماسولکەکانی کۆئەندامی هەرس دەدات، لێکۆڵینەوەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە نەعنا بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی کۆئەندامی ڕیخۆڵەیان هەیە بەسوود بێت.
کەمکردنەوەی نیشانەکانی سەرما:
یەکێک لە سوودەکانی نەعنا بۆ لەش ئەوەیە کە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە كەمكردنەوەی نیشانەکانی سەرما، چونکە مێنسۆڵ یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ناو زەیتی نەعنا کە تەنگبوونی لووت كەمدەكاتەوە، هەروەها سەرەڕای بوونی بەڵگەی ناکۆک سەبارەت بە کاریگەری مێنسۆڵ لە حەسانەوەی هەڵئاوساندا، زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان بۆیان دەرکەوتوە کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی لێشاوی هەوا بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی سەرما.
بەهێزکردنی فەرمانەکانی مێشک:
جێگەی سەرنجە کە هەندێک توێژینەوە دەریدەخات کە تەنانەت تەنیا بۆنکردنی نەعنا دەتوانێت بەس بێت بۆ بەرزکردنەوەی هێزی مێشک و باشترکردنی ھەستی درك پێكردن، لە توێژینەوەكاندا دەردەکەوێت کە بۆنی نەعنا دەتوانێت یادەوەری باشتر بكات و هۆش زیاتر بکات، یەکێکی تر لە توێژینەوەكان باس لەوە دەکات کە بۆنی نەعنا کاریگەرە لە کەمکردنەوەی هیلاکی و دڵەڕاوکێ و باشترکردنی وریایی، ئەمەش بەهۆی توانای لە ورژاندنی کۆئەندامی ناوندە دەمار.
سوودەکانی دیکەی نەعنا:
یەکێک لە سوودەکانی نەعنا بۆ لەش ئەوەیە کە تەندرووستی دەم و ددان باشتر دەكات و بۆنی ناخۆشی دەم لادەبات، وە یارمەتی کەمکردنەوەی نیشانەکانی كیسی هێلکەدان دەدات، نەعنا ئازاری شیردانی سرووشتی كەمدەكاتەوە، هەروەها نەعنا بەکاردێت بۆ یارمەتیی دان لە کەمکردنەوەی ئازاری ھەرسكردن./.