بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لیوا ئەحمەد وەحیدی کە وەزیری بەرگری پێشووتر و وەزیری ناوخۆی پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە، لە وتووێژێکدا سەبارەت بە شەهیدبوونی سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی ئەو بزوتنەوەیە، وتی: لەدەستدانی کەسانی وەک شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا خەسارێکی گەورەیە بەڵام هیچ کێشەیەک ناخاتە بەردەم ڕێکخراوێکی بەهێزی وەک حزبوڵڵا و بەردەوام سەرکەتووانە لە گۆڕەپانەکەدا دەمێنێتەوە.
ناوبراو وتی: حزبوڵڵا لە تەمەنی 40 ساڵەی خۆیدا چەندین قۆناغی ڕووداوەکانی وەک تیرۆری بەخۆوە بینیوە و بەم تیرۆرەش حزبوڵڵا بەهێزتر لە ڕابردوو دەبێت و درێژە بە ڕێگاکەی دەدات، زایۆنیستە ناپاکەکان دەبێت چاوەڕوان بن کە حزبوڵڵا وەک ترسێکی هەمیشەیی لە سەرجەم ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین دەمێنێتەوە و زایۆنیستەکان لە ژێر دەستی حزبوڵڵای قارەمان، بەهێز و سەرکەوتوو توانای دەربازبوونیان نییە.
وەحیدی وتی: حزبوڵڵا هەموو کات سەرکەوتوو بووە و ئێستاش سەرکەوتووە و شەهیدبوونی پیاوانی خودا بابەتێکی سرووشتییە و ئەمەش خواستی ئەوانە و زایۆنیستەکان ناتوانن بە تیرۆری کەسانی گەورەی وەک سەید حەسەن نەسروڵڵا کەمترین کێشە بۆ ئەم بزوتنەوەیە بخوڵقێنن.
وەزیری پێشووی ناوخۆی ئێران وتی: حزبوڵڵا لە 40 ساڵ تەمەنی خۆیدا کەسانی گەورە و بەهێزی پەروەردە کردووە و ئەمانە دەستبەجێ پاش شەهیدبوونی فەرماندە و سەرکردەکان دەبنە جێگرەوە، دەبینین کە لە پاش تیرۆری شەهید نەسروڵڵا، هێرشەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوامە و ئەمەش پیشان دەدات کە حزبوڵڵا زیندووە و بەهێزەوە درێژە بە چالاکییەکانی دەدات.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە ئایا بە شەهیدبوونی فەرماندە پلە باڵاکانی وەک فۆئاد شوکر، ئیبراهیم عەقیل، عەلی کەرەکی، ئایا حزبوڵڵا هێزی مرۆیی پێویستی بۆ جێگرتنەوەی ئەوان هەیە، وتی: من وەک کەسێکی ئاگادار دەڵێم کە هەمان ئەو کاتەی فەرماندەکان شەهید کران، کەسانی نوێ وەک جێگرەوەی ئەوان دەستنیشان کران و ئەمڕۆ دەتوانین بڵێین کە هیچ پێگەیەکی فەرماندەیی حزبوڵڵا بە خاڵی نەماوەتەوە و سەرجەم فەرماندەکان وەک جێگرەوەی شەهیدەکان دەستنیشان کراون.
فەرماندەی پێشووتری هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: جیلی نوێی فەرماندەکانی حزبوڵڵا بە ئیمان بە خودا، کارامەیی، داهێنان و بوێری فەرماندەییان دەستپێکردووە و ئەگەر فەرماندەکان بە خێرایی دەستنیشان نەدەکران چالاکییەکانی حزبوڵڵا لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی ڕادەگیران، بەڵام هەمووان ئەوەیان بینیوە کە لێدانە یەک لە دوای یەکەکانی حزبوڵڵا بەرامبەر بە زایۆنیستەکان بەردەوامە و ئەمەش بە بڕیاری فەرماندەکانی نوێ کراوە.
ئەحمەد وەحیدی سەبارەت بە جێگرەوەی شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا لە حزبوڵڵای لوبناندا وتی: سەبارەت بە سەرکردایەتی ئەم شەهیدە گەورەیە دەبێت بوترێت کە شەهید نەسروڵڵا سەرکردەیەکی کەم وێنە بووە بەڵام لە حزبوڵڵای لوبناندا کەسانی بەهێز زۆرن کە بە وانەوەرگرتن لە ساڵانێک سەرکردایەتی و فەرماندەیی شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا دەتوانن سەرکردایەتی ئەم بزوتنەوەیە لە ئەستۆ بگرن و درێژە بە ڕێبازەکەی بدەن، وەک چۆن کە شەهید نەسروڵڵا بە کەڵک وەرگرتن لە وانەکانی شەهید سەید عەباس موسەوی، بەهێزەوە درێژەی بە ڕێبازەکەیدا و حزبوڵڵای بەم پلەیە لە هێز و گەورەیی گەیاندووە.
ناوبراو سەبارەت بە بانگەشەی ڕژێمی زایۆنیستی و لەناوبردنی یەدەکی سەربازی و ستراتیژیی حزبوڵڵا، وتی: هیچ یەک لە چەک و کەرەستە ستراتیژییەکانی حزبوڵڵا لەناونەبراوە و تەنانەت بە ئامانج نەگیراوە و هەندێک لە کەسە کەمتر گەمژەکانی ڕژێمی زایۆنیستیش دانیان بەم بابەتەدا ناوە.
وەحیدی وتی: ئەوەی کە سەبارەت بە لەناوچوونی یەدەکی سەربازی و ستراتیژیی حزبوڵڵا باس دەکرێت دەچێتە چوارچێوەی شەڕێکی دەروونی و تەنانەت ئەم چەکە ستراتیژییانە لەم شەڕەدا بەکار نەهێنراون و لە داهاتوودا ڕژێمی زایۆنیستی بەوە دەگات کە لە چ هەلومەرجێکدایە.
وەزیری پێشووتری بەرگری ئێران وتی: ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی بە بۆمبی ئەمریکی هێرشی کردووەتە سەر فەرماندەکانی حزبوڵڵا، ڕوون و ئاشکرایە، ئەوان شانازی بە بۆمبەکانی ئەمریکای تاوانبارەوە دەکەن و ئەوەی کە لە هێرشەکەی سەر فەرماندەکانی حزبوڵڵا و شەهید نەسروڵڵادا بەکار هێنراوە، پەیوەندی بە ئەمریکاوە هەبووە و ڕژێمی زایۆنیستی وەها توانایەکی نییە./.