سەید حەسەن نەسروڵڵا، جگە لە زانایی، پێگە و کەسایەتی گشتگیری، بێگومان لایەنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوری جۆراوجۆری هەبووە و بە درێژایی تەمەنی خەبات و تێکۆشانی خۆی، زۆر کاری بۆ گەلی لوبنان و فەڵەستین کردووە و تا شەهیدبوونی لە ئامانجەکانی پاشگەزبوونەوەی نەبووە. هەر بۆیە سەید حەسەن نەسروڵڵا توانی جگە لە یەکگرتوویی بەرەی خۆڕاگری، سەرکەوتنی بەرفراوان لە بەرامبەر دەستدرێژی و تاوانکارییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بەدەست بهێنێت. بەم مانایە سەید حەسەن نەسروڵڵا لە سێ دەیەی ڕابردوودا وەک ئاڵاهەڵگر و چرای ڕووناکی لە شەڕی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی بۆ هەموو ڕەوتی ناوچەکە مامەڵەی کردووە. لە لایەکی دیکەوە سەید حەسەن نەسروڵڵا ڕۆڵێکی جەوهەری لە درووستکردنی بەرپرسیارێتی گەلی لوبنان بەرامبەر بە دۆزی فەڵەستین بینی و بە ڕەچاوکردنی ئەم خاڵە توانی ڕۆحی خەبات لە نەوەکانی هەمان قۆناغ و لە نەوەکانی پاش خۆیشی دابین بکات.
لە ئەنجامدا، لە دوای شەهیدبوونی سەید حەسەن نەسروڵڵا، هەرچەندە هەست بە نەبوون و بۆشاییەکەی دەکرێت، بەڵام شاهیدی نەوەکانی هێزی بیرمەند و خۆڕاگر و ئازا و شەڕکەر دەبین لە حزبوڵڵا و لوبنان، ئەوانیش درێژە بە ڕێگای شەڕکردن لە گەڵ داگیرکاران دەدەن. وەک چۆن لە شەهیدبوونی سەید عەباس موسەوی، ڕاغب حەرب، عیماد موغنیە و کەسایەتییە سەرەکییەکانی دیکەی خۆڕاگری لوبنان، ڕەوتی خەبات و گیانفیدایی لە حزبوڵڵای لوبناندا نەوەستا.
هەروەک چۆن لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا، لە گەڵ شەهیدبوونی ئایەتوڵڵا بەهەشتی، ئایەتوڵڵا موفەتح، ئایەتوڵڵا موتەهەری، محەممەد عەلی ڕەجایی، دکتۆر باهونەر و چەندین کەسایەتی سەرەکی دیکە، ڕێبازەکەیان بەردەوام بوو، بە دڵنیاییەوە لە حزبوڵڵا و لە لوبنان، دوای شەهیدبوونی سەید حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبازەکەی بەردەوام دەبێت، بەردەوامبوونێکی جیدی و بەهێزتر لە جاران. شەهیدبوونی سەید حەسەن نەسروڵڵا دەتوانێت خاڵی وەرچەرخان و سەرچاوەی سەرەکی سەرکەوتنەکانی داهاتوو بێت بە سەر ڕژێمی داگیرکاری قودسدا و بێگومان ئەم توانایە لە حزبوڵڵادا دەبینرێت.
هەرچەندە هەندێک لە ئەکتەرە ناوچەییەکان دڵخۆش نەبوون بە ئامادەبوونی کەسایەتیی خاوەن شەرەف، کەرامەت، سەربەخۆیی و ڕۆحی خەباتکاری بەرزی وەک سەید حەسەن نەسروڵڵا کە هەوڵی ڕوبەڕوبونەوەی دەستدرێژی و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، بەڵام گەلان و بەشێک لە وڵاتان و حکومەتەکانی ناوچەکە هەست بە خەساری گەورەی نەبوونی شەهید نەسروڵڵا دەکەن، لە بەر ئەوەی کە شەهیدبوونی ئەو بە واتای ڕووخانی یەکێک لە قەڵغانە گەورەکانی بەردەم پاوانخوازییەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە.
بۆیە پێویستە چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە لەمەودوا بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە ببنە ئامانجی زیادەڕەوییەکانی زایۆنیستەکان. بێگومان خەڵکی لوبنان بە درێژایی مێژووی خۆیان خەباتی درێژخایەنیان هەبووە، چ لە دژی داگیرکاری فەرەنسی یان دژی دەستدرێژی و داگیرکارییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی. بۆیە هەم خەڵکی لوبنان و هەم حزبوڵڵا ئەزمون و هێزێکی تەواویان دەبێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی جیدی درێژە بە ڕێبازی شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا بدەن. لەم نێوەندەدا کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی لە ئەستۆی خەڵکی لوبنان و فەڵەستین دەزانێت و لە هیچ هەوڵ و پشتیوانییەک بۆ یارمەتیدانیان لەم ئاراستەیەدا خۆی بە دوور ناگرێت./.