بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میخائیل میشۆستین سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا بە یاوەری شاندێک سەردانی تارانی کرد و لە گەڵ محەممەد ڕەزا عارف جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووە.
سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا لەو کۆبوونەوەدا بە ئاماژە بە مێژووی هاوکارییەکانی مۆسکۆ و تاران لە سەر بنەمای دۆستایەتی و دراوسێیەتی، جەختیکردەوە کە وڵاتەکەی هەوڵ دەدات بە پێی ڕێنماییەکانی بەرپرسانی باڵا، ئاستی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا بەرز بکاتەوە.
ناوبراو ئامادەیی وڵاتەکەیی بۆ جۆربەجۆرکردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانی و ئابورییەکان لە گەڵ ئێران لە بوارەکانی وەک کشتووکاڵ، وزە، ئۆتۆمبێل، زانست و تەکنۆلۆژیا، دەرمان و کەرەستەی پزیشکی دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران و پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە ڕێگای کۆمیسیۆنی هاوبەشی هاوکارییەکانی ڕووسیا و ئێران بە پێویست دادەنرێت.
هەر لەو کۆبوونەوەدا محەممەد ڕەزا عارف جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە تاران لەم کابینەیەدا گرنگییەکی زیاتر بە بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕووسیا دەدات و پێویستە ڕێکەوتنە واژۆکراوەکانی نێوان هەر دوو وڵات خێراتر جێبەجێ بکرێن./.