بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە بۆچوونی تەواوی شارەزایان، بەدەر لەوانەی کە کۆیلە و بەکرێگیراوی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستین، جۆری مووشەکەکان و هێرشەکەی ئێران ئەمجارە جیاوازییەکی زۆری لە گەڵ یەکەم هێرشی ئەم وڵاتە هەبووە و ئەمەش پیشان دەدات کە بۆ بەرگری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و سەروەری نیشتمانی، تاران ئەوەی بیەوێت جێبەجێی دەکات.
بۆ نموونە، ئێران بنکەی ئاسمانیی نواتیم ی کردووەتە ئامانج. بەهێزترین و جۆربەجۆرترین سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانیی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕووی پێشکەوتن و تەکنۆلۆژیاوە لەم بنکەیەدا بۆ پاراستنی جێگیر کراون.
کە واتە مووشەکەکانی ئێران ئەم هەموو بەربەست و سیستەمە بەرگرییەیان تێپەڕاندووە و ئامانجەکەیان پێکاوە.
ئامانجی سەرەکی ئێران لەم هێرشە مووشەکییە، بنکەی ئاسمانیی نواتیم بووە.
گرنگی ئەم بنکە ئاسمانییە چییە؟
ئەم بنکە ئاسمانییەیان بردووەتە بیابانەکانی نەقەب کە زۆرترین چاودێریی هەبێت و بە ئاسانی دەستی کەسی پێنەگات.
ئەم بنکە ئاسمانییە شوێنی مانەوە و چالاکی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف 35 ی ڕژێمی زایۆنیستییە، هەروەها فڕۆکە زەبەلەحەکانی هێرکیلیس لەم بنکە سەربازییەدان، لە لایەکی دیکەوە شوێنی مەشق و ڕاهێنانی فڕۆکەوانەکانی فڕۆکەی ئێف 35 ی ڕژێمە.
نواتیم هێندە گرنگە کە یەکێک لە گرنگترین بنکە سیخوڕییەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی تێدایە، ئەویش بۆ ئاستی پارێزراویی دەگەڕێتەوە، وەک ئاماژە درا باشترین سیستەمی بەرگری جیهانیان لێرە داناوە کە بنکە ئاسمانییەکە بپارێزێت.
فڕۆکەی ئێف 35 بەهای 120 ملیۆن دۆلارە و شتێک نییە کە ئەمریکا بە ئاسانی بە ئەم و ئەوی بدات، هەر بۆیە ڕژێمی زایۆنیستی لە پارێزراوترین شوێندا ئەوان هەڵدەگرێت.
کاتێک ئێران ئەم بنکە ئاسمانییە گرنگ و پارێزراوەی کردووەتە ئامانج، بە واتای ئەوەیە کە دەتوانێت هەر شوێنێکی دیکە بکاتە ئامانج.
ئەمە پەیامە گرنگەکەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی سێ شەممە 1 ی تشرینی یەکەمی ئێرانە وەک وەڵامی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی./.