بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان لە کۆبوونەوەی لە گەڵ فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە و شاندی یاوەری، خۆشحاڵی خۆی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ڕیاز دەربڕی و وتی: ئێمە وڵاتانی ئیسلامی بە تایبەت سعوودیە بە برادەری خۆمان دەزانین و جەخت لە سەر وەلاوەنانی ناکۆکییەکان و هاوکاری و پێکەوەبوونی زیاتر دەکەینەوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لە سەر خواستی تاران بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ سعوودیە لە سەرجەم بوارەکاندا کردەوە و وتی: ئەوەی دەبێتە هۆی بەهێزبوونی وڵاتانی ئیسلامی، دۆستایەتی و برادەری نێوان موسڵمانانە.
ناوبراو بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی غەززە و لوبنان بە هۆی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە، وتی: ئێمە بەردەوام ڕامانگەیاندووە کە ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوچەکەمان ناوێت بەڵام هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامی تاوانە بەردەوامەکانی ڕژێمی زایۆنیستییان لە پاش پشوودرێژییەکی زۆر دایەوە.
پزیشکیان وتی: ئەوانەی لە غەززە و لوبنان لە ئێش و ئازاری تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیدان، برا و خوشکی ئێمەن و ئەگەر زایۆنیستەکان توانای تاوان و کۆمەڵکوژییان هەیە، بە هۆی ناکۆکی و چەند بەرەیی وڵاتانی ئیسلامییە و ئەمڕۆ غەززە و لوبنانە و ڕەنگە سبەی نۆرەی شار و وڵاتێکی دیکەی ئیسلامی بێت.
فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیەش لەو کۆبوونەوەدا سڵاوی گەرمی شازادەی جێنشینی وڵاتەکەیی بە سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران گەیاند و وتی: دەمانەوێت لاپەڕەی ناکۆکییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بۆ هەمیشە دابخەین و وەک دوو وڵاتی دۆست و برادەر پرسەکانی نێوانمان چارەسەر بکەین و پەیوەندییەکان بەرەوپێش ببەین.
بن فەرحان بە ئاماژە بە هەلومەرجی هەستیاری ناوچەکە بە هۆی دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە، وتی: ئێمە متمانەمان بە حیکمەتی ئێوە هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەلومەرجەکە و هەورەها ڕۆڵ بینینتان لە بەدیهاتنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەدا./.