بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەو کۆبوونەوەدا کە بە سەرۆکایەتی شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر بەڕێوەچوو، وەزیرانی دەرەوەی ئێران و وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس، وێڕای تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، جەختیان لە سەر بەردەوامی وتووێژی دووقۆڵی و چەندقۆڵی لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکان و دۆزینەوەی ڕێگای هاوکاری بۆ گەشەپێدانی ناوچەکە کردەوە.
سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی خۆیی بۆ بەڕێوەچوونی وەها کۆبوونەوەیەک دەربڕی و وتی: سیاسەتی تاران گرنگیدانە بە وڵاتانی دراوسێ و پەرەپێدانی هاوکاری ناوچەیی و هەنگاونان لە پێناو بەدیهاتنی ناوچەیەکی بەهێز بە بەشداری سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە گەشە و پێشکەوتنی ناوچەکە بەندە بە ئاسایش و سەقامگیرییەوە و هیوای خواست کە بە هاوکاری هاوبەشی وڵاتان، ئاسایش و گەشەی ناوچەکە مسۆگەر ببێت./.