بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد فیروزی سەبارەت بە ڕێژەی هەناردەی ئێران بۆ وڵاتانی ئەندام لە گرووپی برێکس وتی: هەناردەی ئێران بۆ بەرازیل لە 12 مانگەی ساڵی ڕابردوو 63 ملیۆن دۆلار بووە کە ئەمساڵ گەشەی بەرچاوی هەبووە.
ناوبراو وتی: سەبارەت بە هەناردەی ئێران بۆ وڵاتانی ئەندام لە گرووپی برێکس، بە هۆی ئەوەی کە کەمتر لە یەک ساڵ لە ئەندامبوونی ئێران تێپەڕ دەبێت، نابێت چاوەڕوان بکرێت گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە بازرگانیی ئێمە لە گەڵ ئەو وڵاتانە ڕوو بدات و بۆ بەدواداچوونی ڕاستەقینە دەبێت ڕەچاوی داهاتوو بکرێت.
بەڕێوەبەری گشتی ئەورووپا و ئەمریکای ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران بە ئاماژە بە ئەندامبوونی ئێران لە گرووپی برێکس وتی: لە پانزەیەمین کۆبوونەوەی لوتکەی برێکس بە ئامادەبوونی نوێنەران و سەرۆکی 5 وڵات، واتە برازیل، ڕووسیا، هیندستان، چین و ئەفریقای باشور کە لە ئابی 2023 لە ئەفریقای باشور بەڕێوەچوو، بۆ ئەندامبوون لە برێکس بە فەرمی بانگهێشتی کۆماری ئیسلامی ئێران کرا، لە ئاکامدا ئەندامبوونی ئێران لەم گرووپەدا لە بەرواری 1 ی کانوونی یەکەمی 2024 مسۆگەر بوو.
ناوبراو وتی:لەم ماوەیەدا ئێران بەشدارییەکی کاریگەری لە ڕووداوەکانی بەڕێوەچووی بواری پیشەسازی و بازرگانیدا هەبووە، بۆ نموونە، بەشداری سەرۆکی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران لە چواردەیەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی بازرگانیی وڵاتانی ئەندام لە گرووپی برێکس کە 26 ی تەمموزی 2024 لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو و بەشداریی جێگری وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی لە هەشتەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی پیشەسازی برێکس و بەڕێوەچوونی ژووری توانا پیشەسازییەکانی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئاماژەپێکراو.
فیروزی بە ئاماژە بە کاریگەری گەشەپێدانی بازرگانی و ئابوریی ئێران بە ئەندامبوون لە برێکس، وتی: بۆ وڵاتانی بەرەو گەشەسەندووی وەک ئێران کە ئامادەیی چوونی یەکجارەی بەرەو بازرگانیی ئازاد نییە، بازرگانی ناوچەیی دەتوانێت کاریگەرترین ڕێگا بۆ کردنەوەی بازرگانی نیشتمانی و تێکەڵکردنی لە ئابوری جیهانی بێت و بۆ ئەمەش ئەندامبوون لە ڕێکخراوە ناوچەییەکان گرنگییەکی زۆری هەیە.
ناوبراو وتی: گرنگترین ئیمتیازی ئەندامبوونی ئێران لە برێکس، بەرەنگاربوونەوەی گەمارۆکانە. لە ئیمتیازەکانی دیکەش دەتوانین ئاماژە بە پتەوبوونی هاوکارییە ئابوری و داراییەکان، گەیشتن بە بانکی گەشەپێدانی نوێ، واژۆکردنی گرێبەستی نوێی دووقۆڵی و چەندقۆڵی لە گەڵ وڵاتانی ئەندام و کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بدەین.
بەڕێوەبەری گشتی ئەورووپا و ئەمریکای ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران وتی: ئەڵبەت تەنیا ئەندامبوون لەم ڕێکخراوانەدا بەس نییە، بەڵکوو پێویستی بە داڕشتنی نەخشەڕێگای جێبەجێکردن هەیە کە بتوانین کەڵک لە تایبەتمەندییەکان وەربگرین.
ئەحمەد فیروزی وتی: هەروەها دەبێت تێڕوانینی ئێمە لە سەر گرووپی برێکس، درێژخایەن بێت و بەم تێڕوانینە دەتوانین هیوادار بین کە لە دەرفەتی برێکس لە پێناو گەشەی ئابوری وڵات کەڵک وەربگرین./.