بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، داود مەنزور ڕایگەیاند کە ئابوریناسانی ڕژێمی زایۆنیستی دانیان بەوەدا ناوە کە شەڕی غەززە زیاتر لە 67 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار زیانی بە ئابوری ئەو ڕژێمە گەیاندووە.
ناوبراو ڕایگەیاند: لە کاتێکدا کە ڕژێمی زایۆنیستی ساڵی 2023 ی بە بێ کورتهێنانی بودجە دەستپێکرد، لە کۆتایی مانگی تەمموزدا کورتهێنانەکەی گەیشتە 41 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار.
ئەو شارەزا ئابورییە وتی: زیاتر لە 33 ملیار دۆلاریش زیان بە ژێرخانەکانی کەرتی غەززە گەیشتووە.
داود مەنزور ڕایگەیاند کە نزیکەی یەک ملیۆن فەڵەستینی هیچ خانوو و پەناگەیەکیان نییە و لە سەدا 75 ی ئەوان ڕوبەڕوی کۆچی زۆرەملێ بوونەتەوە.
سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی پلاندانان و بودجەی ئێران وتی: لە سەدا 84 ی نەخۆشخانەکان و ژێرخانی تەندرووستی غەززە زیانیان پێگەیشتووە یان ڕووخاون و ئەوانەش ماونەتەوە بە هۆی نەبوونی کارەبا و ئاو و پێداویستییەکانی دیکەوە توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان نەماوە، هەر بۆیە دانیشتووانی غەززە دەستیان بە کەمترین و بچووکترین خزمەتگوزارییە تەندرووستی و پزیشکییەکان ناگات.
ڕاشیگەیاند کە سیستەمی ئاو و ئاوەڕۆی غەززە لەناوچووە و تەنیا دەتوانێت لە سەدا 5 ی خزمەتگوزارییەکانی پێشووی خۆی پێشکەش بکات، هەروەها کەرتی پەروەردەش لە سەدا 100 داخراوە.
داود مەنزور وتی: وزەی کارەبا لە هەمان هەفتەی سەرەتایی شەڕی غەززەوە پچڕاوە و بەم هۆیەوە هاوکاریکردنی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە ئەستەم بووە.
ناوبراو لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە لە هەندێک سەرچاوەدا زیانە ئابورییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە یەک ساڵەیی شەڕی غەززەدا تا 120 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە./.