بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لیوا عەلیڕەزا تەنگیسەری لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا خۆیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەموو هەڕەشەیەک ئامادە کردووە.
ناوبراو بە ئاماژە بە دۆخی گەروی هورمۆز وتی: گەروی هورمۆز شوێنێکی زۆر گرنگ و ستراتیژییە کە لە باشوری ئێراندایە و پەیوەندی بە ئێران و وڵاتانی دراوسێوە هەیە. لە مانۆڕە سەربازییەکەی هەفتەی بەرگری پیرۆز بەشێک لە توانا دەریاییەکانی ئێران بۆ هەر هەلومەرجێک خرایەڕوو.
لیوا تەنگیسەری وتی: پاش 44 ساڵ مافی ئەوەمان هەیە شانازی بەوە بکەین ئەو کەرەستانەی کە بینران، بەرهەمی دەیان ساڵ گەمارۆ و سزاکانە بەڵام ئەمساڵ، ساڵێکی تایبەتە، لە بەر ئەوەیە کە لە غەززە و لوبنان تاوانی بەردەوامی زایۆنیستەکان دەبینین و لە لایەکی دیکەوە ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی پەرەپێدانی ئاڵۆزییەکان بۆ ناوچەکە دەدات.
فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران وتی: مانۆڕە سەربازییەکەی هەفتەی بەرگری پیرۆز دوو پەیامی ڕوونی هەبوو، یەکێک بۆ دوژمنان و یەکێک بۆ دۆستان. پەیام بۆ دۆستان ئەوەیە کە ئێوە بە باشی دەزانن کە ئێرانی ئیسلامی سزای زۆری بە سەردا سەپاوە بەڵام هیچ کات لە بەرامبەر پیلانەکانی ئەمریکادا خۆیی بە دەستەوە نەداوە.
ناوبراو وتی: لە لایەکی دیکەوە ئێمە لە سەردەمی سزا و گەمارۆکاندا دەستمان بەو هەموو توانایە گەیشتووە و پەیامەکەی ئەوەیە کە ئێمە دەتوانین پێداویستییەکانمان لە ناوخۆدا بەرهەم بێنین.
عەلیڕەزا تەنگیسەری وتی: ئەمە پەیامێکە بۆ دۆستان و ڕاستییەک ڕوون دەکاتەوە کە بە بێ ئەمریکا و زایۆنیستەکان دەتوانن لە سەر پێی خۆیان ڕابوەستن، موسڵمانان توانایەکی زۆریان هەیە و پێویستیان بە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی نییە. ئێمە پەیامی ئاشتیمان بۆ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس هەیە.
ناوبراو وتی: ئێمەین کە ئاسایش و سەقامگیریمان لە گەرووی هورمۆزدا جێگیر کردووە و هیچ کات موڵەتی ئەوەمان نەداوە ئەمریکا هەڕەشە لە سەر ئەم ناوچەیە دابنێت. سەبارەت بە پەیامی دیکە دەبێت بڵێین کە مانۆڕە سەربازییەکەی ئەم دواییە پەیامێک بۆ ئەو کەسانە بووە کە دەیانەوێت ڕوبەڕوی گەلی ئێمە و موسڵمانانی زوڵملێکراوی جیهان ببنەوە و ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە کە دەتوانین لە بەرامبەر ئەواندا بە هەموو هێزێکەوە بوەستین.
فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران وتی: پەیامی ئاشتی و دۆستایەتی ئەوەیە کە ئێمە دەتوانین. پەیام بۆ دوژمنانیش ئەوەیە کە ئەگەر بیانەوێت لە ناوچەکەدا یاری بە ئاگرەوە بکەن، بە هەموو هێزێکەوە ڕوبەڕویان دەبینەوە. ئێمە دڵنیاین کە دوژمنان بۆ فرۆشتنی چەکەکانیان پێویستیان بە ئاژاوەگێڕی هەیە.
تەنگیسەری وتی: ئیسلام موڵەتی هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێکی بە ئێمە نەداوە، مەگەر ئەوەی کە دەسدرێژی بکرێتە سەرمان بەڵام دوژمنان دەیانەوێت چەکەکانیان لە بازاڕەکاندا بفرۆشن و مانەوەی نایاسایی خۆیان لە ناوچەکەدا زیاتر بکەن، هەر بۆیە پێویستیان بە دوژمن هەیە و بەم هۆیەوە بەردەوام پەیامی ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە ئێران دوژمنە و بۆ وڵاتانی ناوچەکە مەترسیدارە.
ناوبراو وتی: ئەگەر زیان بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان نەگات کاردانەوەمان نابێت بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا بەرگری لە زوڵملێکراو دەکەین، ئەگەر وڵاتێکی ئیسلامی بکەوێتە بەر هێرش و پەلاماری وڵاتێکی نائیسلامی یان وڵاتانی دراوسێ ئیرادەیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا و لایەنەکانی دیکە بێت، ئێمە یارمەتیدەریان دەبین، ئێوە ڕووداوەکانی قەتەرتان بینی و ئەوەی پێویست بێت ئێمە بۆ هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە جێبەجێمان کرد.
فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران وتی: لە ساڵانی ڕابردوودا مەشق و ڕاهێنانی زۆرمان کردووە بۆ هەموو سیناریۆیەکی دوژمنان ئامادەین، خۆمان بۆ هەر هەلومەرجێک ئامادە کردووە، بە تایبەت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەو یارییەی سەرۆک وەزیرانەکەی بە ئاگرەوە لە ناوچەکەدا دەیکات./.