بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەو نامەیەدا بەرامبەر بە حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هاتووە کە ” لە ئێستادا کە بە ڕێبەرایەتی بەهێز و ژیرانەی بەڕێزتان و پاش ماوەیەکی دانبەخۆداگرتنی شەرەفمەندانە، بە دەستی بەهێزی سوپای بوێری پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ناودڵی خاکە داگیرکراوەکان لە شەوی 10 ی مانگی ڕەزبەر بە ئاگری توڕەیی ئۆممەی ئیسلامی و سەربازانی سوپای ئیسلام کرایە ئامانج، دڵی تازیەباری بنەماڵەی شەهیدان، خەڵکی بێ بەرگریی فەڵەستین و سەرجەم ئازادیخوازەکانی جیهان هێور بوویەوە و هێز و توانایەکی دیکەی بە خەباتگێڕانی ماندوونەناسی قودسی پیرۆز بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی بەخشیوە “.
لە درێژەی نامەکەدا هاتووە کە ” ئێمە کۆمەڵێک لە وتارخوێنانی هەینی و پێشنوێژانی سوننەی ئێران وەک خزمەتکارانی قورئان و ئایینی ئیسلامی و شوێنکەوتووی ڕێبازی یەکڕیزی و جیهادی ڕوونکردنەوە، وێڕای دەستخۆشی لە وتارە بەهێز و دوژمن شکێنەکەی بەڕێزتان لە نوێژی هەینی ئەم دواییەی تاران و دووپاتکردنەوەی بەڵێن و بەیعەتی خۆمان لە گەڵ ئامانجەکانی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) و شەهیدانی پلەبەرز و بەڕێزتان وەک ڕێبەری مەزن، سوپاس و پێزانینی خۆمان بە بۆنەی ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتووی بەڵێنی ڕاستگۆیانەی 2 ی سوپای قارەمان و هێزە چەکدارەکانی پڕ لە شانازیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی ڕژێمی داگیرکار و منداڵکوژی زایۆنیستی ڕادەگەێنین “./.