بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ نەعیم قاسم وتی: دوژمنی زایۆنیستی و ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵ دەدەن گوشار لە سەر ئێمە دابنێن تا بترسین و لە هەڵوێستەکانمان پاشگەز ببینەوە بەڵام هیچ کات ئەوە ڕوو نادات لە بەر ئەوەی کە ئێمە شوێنکەوتووانی شەهیدان بە تایبەت سەید حەسەن نەسروڵڵاین.
ناوبراو وتی: گەلانی ناوچەکە بڕوایان بە ڕێبازی خۆڕاگری هەیە و ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا دەستپێکی گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگای ئامادەبوون و ڕۆڵی خۆڕاگرییەوە بوو.
شێخ نەعیم قاسم وتی: ئەگەر ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانییان لە ڕژێمی زایۆنیستی نەدەرکرد، ئەم ڕژێمە توانای مانەوەی نەدەبوو، هەر بۆیە ئەمریکا بە هاوبەشی تاوانەکانی زایۆنیستەکان لە خاکی ئێمە دادەنرێت.
جێگری ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: خۆڕاگریی غەززە بووەتە نموونەیەکی جیهان و ئەک ساڵە ماوەتەوە و دەتوانێت زیاتریش لە ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستیدا بمێنێتەوە، ئەو خۆڕاگرییەی لە غەززە، کەرتی خۆرئاوا و لوبناندا دەبینرێت، پیشاندەری ئەوەیە کە گەل و خۆڕاگریی فەڵەستین شکست ناهێنن.
شێخ نەعیم قاسم وتی: ئێرانی ئیسلامی بە قسە و کردار لە گەڵ خۆڕاگریی فەڵەستین و لوبناندا بووە و بە دوو ئۆپەراسیۆنی مووشەکی ناو دڵی تەل ئەبیبی کردە ئامانج و ئەمەش پیشان دەدات کە ئێران ئیرادەی مانەوە و پشتیوانیی لە خۆڕاگری هەیە.
ناوبراو وتی: ڕوبەڕوبونەوەی داگیرکاران خەباتێکی پیرۆزە و ڕێگایەکی درووستە بۆ گۆڕانکاری، ئەوەی دوژمن دەیکات شەڕ نییە، کوشتار و کۆمەڵکوژیی ئازادیخوازەکانە.
جێگری ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا وتی: دەسکەوتەکانی ڕۆژانەی خۆڕاگریی لوبنان لە ئاستێکی باشدایە و سەدان مووشەک ئاراستەی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین دەکرێت، دوژمنی زایۆنیستی هەواڵی هێرشەکان و زیانەکانی بڵاو ناکاتەوە.
وتیشی کە لە کاتی گونجاودا پرسی هەڵبژاردنی ئەمینداری گشتی نوێی حزبوڵڵای لوبنان یەکلایی دەکرێتەوە./.