غوڵامڕەزا ئەبازەری لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ دەزگای میدیایی جام کوردی، سوپاس و پێزانینی هاوکاری تایبەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە کاروباری جۆراوجۆردا بە تایبەتی لە ناردنی زیارەتکارانی ئەربەعین و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆیان، هەروەها پێدانی مۆڵەت و ئاسانکاری بۆ چالاکییە فەرهەنگی و هونەرییەکانی ئێران لە ناوچەکە و بە تایبەت لە هەولێردا کرد.
ڕاوێژکاری ڕۆشنبیریی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق لە بەشێک لەو وتووێژە تایبەتەکەی لە گەڵ دەزگای میدیایی جام کوردی، ئاماژەی بە تێڕوانینی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە فراوانکردن و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان دا.
ناوبراو بە ئاماژە بە پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لە بواری زانستیدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە زانکۆیان هەیە و دامەزراندنی زانکۆی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان پێویستە، ئایا کۆماری ئیسلامی ئێران پلانێکی بۆ ئەو مەبەستە هەیە یان نا؟ وتی: ئەو زانکۆیانەی کە بە ناوی وڵاتانی دیکەوە لە عێراق دامەزراون، لە لایەن عێراقییەکان خۆیانەوە ئەنجام دراون، وەک ئەوە نییە ئەو وڵاتانە کارێکی وایان کردبێت. چەندین زانکۆی ئێرانی لە عێراق لقیان هەیە یان لە پرۆسەی دامەزراندندان، بەڵام ئەمڕۆ پەیوەندییەکی بەرفراوان و هاوبەشییەکی زۆر لە نێوان هەر دوو وڵات وایکردووە کە خوێندکارانی عێراقی زۆر ئاسان بۆ پرۆسەی خوێندن لە ئێران ئامادە بن و ئێمە ئامادەین لقی زانکۆکانی ئێران لە عێراقدا بکەینەوە، بە تایبەت لە بوارەکانی پزیشکی و پیشەسازی کە زۆر بە گرنگ دادەنرێن، لە هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی کردنەوەی لقی زانکۆکانمان هەیە، ئەگەر موڵەتمان پێبدرێت و ڕێکەوتن بکرێت.
سەبارەت بە ڕۆڵی نوخبەکان لە بوارە جیاجیاکانی زانستی و ڕۆشنبیری و وەرزشی و ئەو ڕێوشوێنانەی گیراونەتەبەر بۆ بەکارهێنانی ئەم توانایە لە پەیوەندییەکان لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەبازاری وتی: نوخبە ئێرانییەکان لە عێراق بەناوبانگن، بینیمان کە هونەرمەندانی ئێرانی، نووسەر و شرۆڤەکار و کەسایەتییە ناودارەکان لای خەڵکی هەرێمی کوردستان ناسراون. زۆرێک لە نوخبەکانمان بە تایبەت لە بواری ڕۆشنبیری و هونەردا بانگهێشت کرد بۆ سازدانی پێشانگە و پێشکەشکردنی بەرنامە. زۆربەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان هونەرمەندانی ئێرانی بە باشی دەناسن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق لە بواری ڕۆشنبیریدا زعر باشە و پەیوەندی بە هیچ گۆڕانکارییەکدا نییە و وتی: پێویستە ئاماژە بەوە بدەن کە ئێمە موڵەتی ماڵی ئێران و دەزگای ڕاهێنان و فێربوونی زمانی فارسیمان لە شاری سلێمانی وەرگرتووە و لە هەولێریش موڵەتی پێویستمان بۆ کراوە. پێویستە سوپاسی تایبەت بۆ کاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی بەڕێزی هەرێمی کوردستان بکەین کە مۆڵەتی پێویستی بۆ دەرکردین و بە یارمەتی خودا دەبینین خولی ڕاهێنانی زمانی فارسی و پلانی هونەری لەوێش بەڕێوەدەچێت. جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئێمە لە بواری ڕۆشنبیری لە گەڵ هەرێمی کوردستان هیچ بەربەستێکمان نییە، چونکە کەلتوورەکان زۆر لە یەکترەوە نزیکن و دەکرێت بڵێین تێکەڵاون.
ڕاوێژکاری ڕۆشنبیریی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق وتی: ئێمە براین لە گەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان، برایەتیمان لە گەڵ هەرێمی کوردستانیش سەلماندووە. ئەو ڕێزە تایبەتەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ جەنابی مەلا مستەفا بارزانی هەیەتی و هەروەها ئەو ڕێزە تایبەتەی کە بۆ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەم ڕاستییە پشتڕاست دەکاتەوە. کاک نێچیرڤان بارزانی بەڕێز، لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و چاوپێکەوتنی لە گەڵ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، هەموو ئەمانە پیشاندەری هاوپشتیمانن لە گەڵ هەرێمی کوردستان و برایەتیمان دەسەلمێنێت. ئێمە دەمانەوێت ئەم برایەتییە بەردەوام بێت. لە لایەکی دیکەوە دۆستانمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق سەبارەت بە زۆرێک لە پرسەکانمان هەموو جۆرە هاوکارییەکیان کردووە. بۆ نمونە لە زیارەتی ئەربەعیندا هیچ کێشەیەکمان نەبینی سەبارەت بە بوونی زیارەتکارانمان لە هەولێر و سلێمانی و هەرێمی کوردستان بە گشتی. زیارەتکارانی ئێرانی لە سەلامەتی تەواودا بوون بە پاڵپشتی تەواو و گواستنەوەی باش و پلانی زۆر باشیان بۆ دانرابوو. لێرەدا پێویستە سوپاسی تایبەتمان بۆ کاک نێچیرڤان بارزانی دەرببڕین بۆ ئەو خزمەتە بەنرخانەی پێشکەشیان کرد، هەروەها دەستخۆشی و سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و تەکیەی کەسەنزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی خەڵکی ناوچەکە و هێزە ئەمنییەکانی ئەم هەرێمە بکەین کە بووە هۆی ئەوەی زیارەتکارانی ئێرانی زیارەتێکی ئاسان و باشیان هەبێت. دەمەوێت سوپاسی تایبەتی خۆم بۆ هەولێر و سلێمانی دەرببڕم بۆ ئەوەی کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو کراوە و هیوادارین ئەم هاوکارییانە لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام بن./.