بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئۆسامە حەمدان لە سەرکردە باڵاکانی حەماس لە وتووێژی لە گەڵ کەناڵی ئەقسا ڕایگەیاند: سەرەڕای ئەو هەلومەرجە دژوارەی لە گەورەترین شەڕی مێژووی ڕژێمی زایۆنیستی هاتووەتە پێشەوە، خۆڕاگری بەردەوام هێزی خۆیی هێشتووەتەوە و تاوانەکانی ڕژێمی داگیرکار لە دژی خەڵکی مەدەنی بە تایبەت ژنان و منداڵانی فەڵەستینی، بەڵگەن لە سەر ئەوەی کە زایۆنیستەکان بە هیچ یەک لە ئامانجەکانی خۆیان لەم یەک ساڵەی شەڕی غەززەدا نەگەیشتوون.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ڕژێمی زایۆنیستی لەم شەڕەدا کۆتایی خۆی دیاری دەکات و لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا نەیتوانیوە شەڕی یەکلاکەرەوە بکات و ئەمەش پیشاندەری لاوازی و شکستی ئەو ڕژێمەیە.
حەمدان ڕایگەیاند: ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا ئەوەی سەلماندووە کە ئیرادەی گەلان بەهێزترە لە ئیرادەی داگیرکاران.
ناوبراو وتی: دەسکەوتەکانی خۆڕاگری لە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا ئەنجامی ئامادەیی و پلانی پێشوەختە بووە کە ساڵانێک کاتی پێویست بووە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی حەماس ڕایگەیاند: ئیرادەی گرووپەکانی خۆڕاگری لە بەهێزی و ئیرادەی گەلی فەڵەستینەوە سەرچاوەی گرتووە. هێزەکانی خۆڕاگری لە غەززە سەرەڕای سنورداربوونی پێداویستییەکان، بەردەوامن لە زیانگەیاندن بە سوپای داگیرکاری زایۆنیستی.
ڕاشیگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا هەوڵی داگیرکارانی بۆ لەناوبردنی شووناسی نیشتمانیی فەڵەستینییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان پووچەڵ کردەوە./.