بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لە گەڵ لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووە.
لەتیف ڕەشید لەو کۆبوونەوەدا جەختی لە سەر گرنگی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و تاران کردەوە و ڕایگەیاند کە لە پێناو مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی هەر دوو لا پێویستە پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا گەشە بستێنێت.
ناوبراو سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەش ڕایگەیاند کە ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە و لوبنان بە ئامانجی گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە بە پێویستییەکی ئێستای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دادەنرێت.
سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند کە بەردەوامی شەڕی غەززە و لوبنان، ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهانی ڕوبەڕوی مەترسی جیدی کردووەتەوە.
لەتیف ڕەشید ڕایگەیاند کە عێراق موڵەتی ئەوە نادات خاکەکەی ببێتە شوێنی هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ./.