بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر ئەبوشەریف لە کۆنفرانسی ئۆمەتی خۆڕاگری کە لە کرماشان (14 ی تشرینی یەکەمی 2024) بەڕێوەچوو، بە ئاماژە بە مێژووی دامەزراندنی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕژێمی زایۆنیستییان هێنایە ناوچەکە و لە هەموو ڕوویەکەوە پشتیوانییان کردووە تا پرۆژەکەی ئەوان جێبەجێ بکات بەڵام لە لێکدانەوەکانی خۆیان تایبەتمەندییەکی گەلی فەڵەستین، واتە خۆڕاگرییان لەبەرچاو نەگرتووە و هەر ئەمەش وایکردووە بە ئامانجەکانیان نەگەن.
ناوبراو بە ئاماژە بە تاوانەکانی یەک ساڵی ڕابردووی ڕژێمی زایۆنیستی و خۆڕاگریی گەلی فەڵەستین، وتی: تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕواڵەتی ڕاستەوقینەی ئەو ڕژێمەی بۆ ڕای گشتی لە جیهان ئاشکرا کردووە و کوشتاری ژنان و منداڵانی زوڵملێکراوی غەززە وایکردووە کە زۆربەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە پێشتر لە بەرامبەر دۆسیەی فەڵەستین بێدەنگ بوون، کاردانەوەیان هەبێت.
ناسر ئەبوشەریف وتی: ئەمریکا 50 هەزار تەن چەک و کەرەستەی سەربازیی بە ڕژێمی زایۆنیستی داوە کە 14 هەزار تەنی، بۆمبی 2 تەنییە و هێشتا پرۆسەی پڕچەککردنی ئەو ڕژێمە لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە بەردەوامە.
نوێنەری بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە تاران وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بەسراوەی هاوکاری وڵاتانی ڕۆژئاوایە و ئەگەر پشتیوانییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا نەدەبوو، یەک مانگ نەیدەتوانی بەردەوام بێت.
ناوبراو ڕەخنەی لە هەندێک وڵاتی عەرەبی گرت و وتی: بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی نەک تەنیا بە وشەیەک پشتیوانییان لە گەلی فەڵەستین نەکردووە، بەڵکوو لەم شەڕەدا پشتیوانی و هاوکاری زۆری ڕژێمی زایۆنیستییان کردووە./.