بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەلیاس حەننا ژنڕاڵی خانەنشینی لوبنان لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کە حزبوڵڵا چۆن لە شوێنی گردبوونەوەی ئەندامانی سوپای زایۆنیست لە ڕێستورانتی بنکەی سەربازیی کەتیبەکانی گۆلانی ئاگادار بووە و بە دیاریکراوی ئەو شوێنەی کردە ئامانج؟ وتی: سەرەتا دەبێت بوترێت کە ئەمە ئامانجێکی نوێیە کە لە وێنە بڵاوکراوەکانی درۆنی هۆدهۆدی حزبوڵڵادا نەبینرابوو، هەر بۆیە ئێمە باس لە ئامانجێکی جیاواز دەکەین، ڕەنگە لە نێو بانکی زانیاری حزبوڵڵادا ئەم بنکە سەربازییە هەبێت.
ناوبراو وتی: کاتێک کە دەتانەوێت هێرش بکەنە سەر ئامانجێکی دیاریکراو، شێوازی ئیش و کاری ئەوان لەبەرچاو دەگرن و ئەمەش بەو واتایە دەبێت کە ئەم سوپایە کارێکی تایبەتی هەیە و ئێوە ئاگاداری وردەکاری و کۆبوونەوە و هاتووچۆی ئەوانن و بە پێی ئەو زانیارییانە هێرشێک لەم ئاستەدا دەکرێت.
ئەو شارەزای کاروباری ستراتیژییە بە کەناڵی جزیرەی ڕاگەیاند کە هەندێک زانیاری باس لەوە دەکەن کە بەرپرسێک لەوێ بووە و هێرشەکە بەو بۆنەوە کراوە کە تا ئێستا ئەمە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ئەلیاس حەننا سەبارەت بەوەی کە دەستنیشانکردنی ئەم ناوچەکە لە نزیکەی چوار کیلۆمەتریی قەیساریە و شوێنی حەوانەوەی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایئۆنیستی و ناوچەیەکی دوورتر لە حەیفا کراوە و بۆ ئەم بنکە سەربازییە هێندە پارێزراو نەبووە و کەمترین سیستەمی بەرگری و پاراستنی تێدا نەبووە، وتی: کاتێک باس لە سیستەمی بەرگریی گومەزەی ئاسنین دەکەین، 10 سەکۆی هەڵدانی مووشەک لە خۆ دەگرێت و ئەمەش بۆ تەواوی ڕژێمی زایۆنیستی بەس نییە و هەر سەکۆیەک نزیکەی 150 کیلۆمەتری چوارگۆشە دەپارێزێت.
ناوبراو وتی: سیستەمەکانی بەرگری بۆ ناوچە گرنگەکانی وەک تەل ئەبیب دانراون و ئەمەش ئاسایشی ڕژێمی زایۆنیستی ناپارێزێت.
ئەو شارەزای کاروباری سەربازییە وتی: ئاگاداربوونەوەی حزبوڵڵا لە شوێنی مانەوە و گردبوونەوەی ئەندامانی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی بە دەسکەوتێک دادەنرێت. هەروەها دەستنیشانکردنی ئامرازی هێرشەکە کە درۆنێکی پێشکەوتوو بووە، بە هەمان شێوە بە ئیمتیازێکی گرنگ بۆ حزبوڵڵا لەم شەڕەدا دادەنرێت./.