بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یاعوز سیبر نووسەری زایۆنیست ڕایگەیاندووە کە هێرشەکەی حەماس لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 و ڕووداوەکانی پاش ئەوە لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵی ڕابردوودا، پیشاندەری لاوازیی کابینەی ئیسرائیلە بۆ پاراستنی شارۆچکەنشینەکان و هەروەها پیشاندەری ئەوەیە کە کابینەی نتانیاهۆ ئاسۆیەکی کۆتایی هێنان بەم شەڕە و گەڕانەوەی بۆ سەقامگیریی لەبەردەمدا نییە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا دۆخێکی لە ئاڵۆزی، ترس و بێهیوایی خستووەتە نێو کۆمەڵگای ئیسرائیلەوە کە هاوکات لە گەڵ ئاڵۆزتربوونی ڕەوشی ناوخۆیی و دژواربوونی هەلومەرجی ئابوری و کۆمەڵایەتی، پرسیارێکی زۆری سەبارەت بە داهاتووی ئیسرائیل هێناوەتە پێشەوە.
ئیسرائیل شەڕەکەی دۆڕاندووە
ئەو نووسەرە زایۆنیستە ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل زیاتر لە یەک ساڵە ڕۆژانە زیانی بەردەکەوێت و زیاتر لە 1500 شارۆچکەنشین کوژراون، هەموو ئەمانەش لە کاتێکدایە کە هێرشەکان ڕۆژانە بە هەزاران مووشەک و درۆن لە غەززە، لوبنان، سوریا، عێراق و یەمەنەوە بەردەوامە و ئێرانیش هاتووەتە ململانێی ڕاستەوخۆوە لە گەڵ ئیسرائیل.
ڕاشیگەیاندووە کە هێزەکانی سوپای ئیسرائیل ماندوو و بێهیوان و هیچ کەس ئاسۆیەک بۆ کۆتایی هاتنی ئەم دۆخە نابینێت، دۆخی ئیسرائیل لە سەرجەم بوارەکانی وەک ئەمنی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و سیاسی تێکچووە و هیچ یەک لە ئەندامانی کابینە پلانێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە نییە. هەمووان دەبینن کە بەرەی باکور و هەروەها ناوچەکانی نزیک لە غەززە بەرەو سووتان و چۆڵبوونی هەمیشەیی دەڕۆن و سەدان هەزار شارۆچکەنشینی ئیسرائیلی بە بێ ماڵ و داهاتوویەکی ڕوون ماونەتەوە.
ئیسرائیل لە دۆزەخێکی چەند بەرەییدا نوقمبووە
یاعوز سیبر ڕایگەیاندووە کە بەردەوامی شەڕ، ڕووخانی ژێرخانەکان و بەئامانجگرتنی سەرکردەکان و فەرماندەکانی گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستینی هیچ لە ڕاستییەکان ناگۆڕێت، ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئیسرائیل لە شەڕەکەدا شکستی هێناوە، لە ڕاستیدا هیچ داهاتوویەک بۆ ئیسرائیل بوونی نییە، لە کاتێکدا کە ئیسرائیلییەکان ڕۆژانە دوکوژرێن و سوپا بەرەو دابەشبوون دەڕوات، نوخبەکان بەرەو دۆزینەوەی شوێنێکی پارێزراو لە وڵاتانی دیکە دەڕۆن و کۆچکردن لە ئیسرائیلەوە ڕووی لە زیادبوون کردووە و ئیسرائیل لە جێی گەیشتن بە ئاسوودەیی و پێشکەوتن، لە شەڕێکی چەند بەرەییدا نوقمبووە.
ئەو نووسەرە ڕایگەیاندووە کە بانگەشەکانی بنیامین نتانیاهۆ نابێتە هۆی سەرکەوتن و ناتوانێت زیان و لێکەوتەکانی 7 ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو و ڕووداوەکانی یەک ساڵی ڕابردوو قەرەبوو بکاتەوە. تا ئەو کاتەی کە ئیسرائیل درێژە بە سیاسەتی هێرشکردنە سەر خەڵکی دیکە و ڕووخاندنی ماڵەکانی ئەوان بدات، هیچ داهاتوویەک بوونی نییە و شەڕ هیچ کات ڕاناگیرێت./.