بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامی پەیوەندییەکی تەلەفوونیی هەیسەم بن تارق سوڵتانی عۆمان، ئیرادەی بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی لە سەرجەم بوارەکاندا دووپات کردەوە.
پزیشکیان پتەوکردنی برایەتی و تەبایی نێوان وڵاتانی موسڵمانی ناوچەکەی بە پێویستییەکی سەرەکی لە ئێستادا ناو برد و وتی: ئەگەر ئێمە وڵاتانی ئیسلامی لە بەرەیەکی یەکگرتوودا بین، ڕژێمی زایۆنیستی توانای ئەوەی نییە بەم ئاسانییە تاوان بکات و ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواش پشتیوانی لێبکەن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ستایشی هەڵوێستی عۆمانی کرد لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە و لوبنان و داوایکرد گوشارەکان بۆ ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا چڕ بکرێتەوە.
هەیسەم بن تارق سوڵتانی عۆمانیش لەو پەیوەندییە تەلەفوونییەدا وێڕای دەستخۆشی لە هەڵوێستی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر پرسە گرنگەکانی ناوچەکە بە تایبەت غەززە و لوبنان، ڕایگەیاند کە بەردەوامی پشتیوانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە هیچ شێوازێک قبووڵکراو نییە./.