غوڵامڕەزا ئەبازەری ڕاوێژکاری ڕۆشنبیریی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا، لە بەشی دووەمی وتووێژی تایبەت لە گەڵ دەزگای میدیایی جام کوردی، سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە بە تایبەت غەززە و لوبنان، وتی: لە مێژووی دەیان ساڵەی ڕژێمی ساختەی زایۆنیستیدا بەوە ناسراوە کە کەس توانای تەقاندنی تەنیا یەک فیشەکی بەرەو ئەو ڕژێمە نەبووە. ئەگەر سەیری مێژوو بکەن ئەمەتان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە هەموو کات ڕژێمی زایۆنیستی و زایۆنیستەکان خۆیان بە گەورە پیشانداوە و بە زۆر قسەیان کردووە و تاوانیان کردووە، داگیرکارییان کردووە و خەڵکیان کوشتار و ئاوارە کردووە، مێژووی زیاتر لە 70 ساڵەی ئەم ڕژێمە وەها بووە. لە ئێستادا کە یەک ساڵەیی ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا و ڕووداوەکانی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 تێپەڕ بووە، دەبێت بوترێت کە لێهاتوویی و گیانگفیدایی تێکۆشەرانی غەززە و فەڵەستین ڕەوتی هاوکێشەکانی لە جیهاندا بەرەو گۆڕانکاری برد، واتە ڕوون بووەتەوە کە بزوتنەوەیەکی تێکۆشەر لە جیهاندا هەیە کە هێرش دەکاتە سەر ڕژێمی زایۆنیستی و دیمەنێکی بچووکی تۆڵەکردنەوە پیشانی ئەو ڕژێمە بدەن.
ناوبراو وتی: ئەو تاوانانەی کە ڕژێمی زایۆنیستی بە دڕندانە دەیکات، منداڵان و ژنان و بەساڵاچووانی غەززەی کۆمەڵکوژ کردووە، دۆخەکە وەهایە کە ئێوە پێشانگایەکی گەورە لە تاوانە مرۆییەکانی لە غەززە دەبینن. لەو پێشانگایەدا هەموو شتێک هەیە، کوژرانی منداڵان، ژنان، نەخۆشەکان، هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکان، هێرشی سەر مەزگەوتەکان، ناوچە پارێزراوەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، ئەمانە پێمان دەڵێت کە هیچ مرۆڤایەتییەک لە کارنامەی ڕژێمی زایۆنیستیدا نییە. تاوانەکان هێندە دڕندانەن کە تەنانەت لە تەلەفزیۆنیشدا توانای بینینی بۆ مرۆڤەکان ئاسان نییە. بینا چەند نهۆمییە مەدەنییەکان دەڕووخێنن و دەڵێن ئەمانە شوێنی تیرۆریستان بوون و لە ئاکامدا دەبینرێت کە هەموویان ژن و منداڵ بوون و تەرمەکانیان لە ژێر داروپەردوی بینا ڕووخاوەکاندا دەهێننە دەرەوە. ئەم ژن و منداڵ و بەساڵاچووانە چ کردەوەیەکی تیرۆریستییان هەبووە؟ ڕژێمی زایۆنیستی تاوانێک نییە کە نەیکردبێت. لە لایەکی دیکەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا کە درووشمی بەرگری لە مافی مرۆڤ بەرز دەکەنەوە، بەڵام بەرگری لە ڕژێمی زایۆنیستی دەکەن. بەداخەوە کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن ڕژێمی زایۆنیستی مافی بەرگریی هەیە. کەس نییە بەوان بڵێت کە ئەم ڕژێمە هێرشی کردووە نەک بەرگری، ڕژێمی زایۆنیستی داگیرکاریی کردووە، تاوان و ئەشکەنجە و کردەوەی دژە مرۆڤانەی کردووە. ڕژێمی زایۆنیستی شتێک بە ناوی مرۆڤایەتی ناناسێت، مافی مرۆڤ، مافی منداڵان و ژنان لای ئەم ڕژێمە درووشمی بێ واتان.
ڕاوێژکاری ڕۆشنبیریی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا بە توندی ڕەخنەی لە هەڵوێستی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی گرت و وتی: ئەمریکا و ئەورووپییەکان لە جێی ئەوەی کە ڕێگری لە تاوانی زایۆنیستەکان بکەن، یارمەتیدەری ئەم ڕژێمەن، تەواوی ئەو تاوانانەی کە لە غەززە و لوبنان دەکرێت بە چەک و پشتیوانی سەربازیی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا کراوە. ئەمریکا باس لە مافی مرۆڤ بە تایبەت مافی ژنان و منداڵان دەکات و وڵاتانی وەک ئێران بە پێشێلکردنی مافی ئەوان تۆمەتبار دەکات. بەڵام ڕوون بووەتەوە کە کێ دژی مافی مرۆڤە و کێ تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە بە تایبەت کوشتاری ژنان و منداڵان لە بەرچاو ناگرێت.
ئەبازەری بە ئاماژە بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیش لە لوبنان وتی: سەرجەم تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە سایەی بێدەنگی نێودەوڵەتیدا دەکرێت، تەنیا شتێک کە دەتوانێت ڕێگری لەم هەموو تاوانە دڕندانەیە بکات، هێز و زۆرە.
ناوبراو سەبارەت بە هەڵوێستی گرووپەکانی خۆڕاگریی عێراق لە پاش تیرۆری شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا، وتی: هەڵەی ستراتیژیی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا ئەوەیە کە وادەزانن لایەنەکانی خۆڕاگری بەسراوەی کەسەکانن، گرووپەکانی خۆڕاگری کەسەکان نین بەڵکوو بیر و هزر و ئایدۆلۆژیان، ئەمەش لەناوچوونی نییە، تا ئەو کاتەی داگیرکاریی ڕژێمی زایۆنیستی هەبێت، ئەم بیرکردنەوەش بۆ دژایەتیکردنی دەمێنێتەوە. لە عێراق باشترین هەڵوێست و پشتیوانی لە غەززە و لوبنان لە لایەن گەل و حکومەت و گرووپەکانی خۆڕاگرییەوە بینرا. دەتوانین بڵێین کە هیچ وڵاتێک هێندەی عێراق بەم یەکگرتووییە هەڵوێستی نەبووە. عێراقییەکان تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییان ئیدانە کردووە، مەرجەعیەتی باڵا و گررووپەکانی خۆڕاگری چەندین بەیاننامەیان هەبووە، لایەنە سیاسییەکانیش بە هەمان شێوە. پشتیوانی عێراقییەکان لە خۆڕاگریی فەڵەستین بابەتێکی سەلمێندراوە.
ڕاوێژکاری ڕۆشنبیریی ئێران سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی مووشەکیی بەڵێنی ڕاستگۆیانەی 2 لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: ئەم هێرشە لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە ورەی لایەنەکانی خۆڕاگریی بەرز کردەوە و بەرەی خۆڕاگریی بەهێز کرد. ئۆپەراسیۆنەکە ئەو ئەفسانەی شکست پێهێناوە کە دەڵێن ناکرێت و نابێت هێرش بکرێتە سەر ڕژێمی زایۆنیستی. ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستگۆیانەی 2 تەنیا 14 خولەک بووە و ئەگەر تا بەیانی بەردەوام دەبوو، کەسێک لەو ڕژێمە نەدەما. ئەوەیان بینی کە کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا 14 خولەک هێرشی کرد، ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بێت ڕژێمی زایۆنیستی لەناو دەچێت./.