بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی لە سەردانەکەیدا بۆ ئەردەن لە گەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم کۆبووە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو کۆبوونەوەدا وێڕای ڕوونکردنەوەی تێڕوانینی تاران سەبارەت بە دۆخی ئەمنی ناوچەکە و هەوڵەکانی بۆ ڕێگری لە ئاڵۆزی و ناسەقامگیری لە ڕۆژئاوای ئاسیا، جەختی لە سەر پێویستی هاوکاری و یەکگرتوویی زیاتری وڵاتانی ناوچەکە و جیهانی ئیسلام بۆ ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کردەوە.
عێراقچی نیگەرانی خۆیی لە دۆخی ژیان و گوزەرانی دانیشتووانی غەززە و باشوری لوبنان دەربڕی و داوایکرد وڵاتانی ئیسلامی لە ڕووی هاوکارییە مرۆییەکانەوە هەنگاوی جیدییان هەبێت.
شای ئەردەنیش لەو کۆبوونەوەدا نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان دەربڕی و جەختی لە سەر ئیرادەی وڵاتەکەی بۆ هەر هاوکارییەک لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کردەوە.
عێراقچی پێشتریش لە گەڵ ئەیمەن سەفدی وەزیری دەرەوەی ئەردەن کۆبووە./.