بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەبدولمەلک بەدرەدین حوسی ئەمرۆ پێنج شەممە 17 ی تشرینی یەکەمی 2024 لە وتارێکدا ڕایگەیاند ئەوەی بۆ ئۆممەی ئیسلامی لە ئێستادا بە پێویست دادەنرێت، بەرزکردنەوەی ئاستی ووشیارییە لە بەرامبەر دوژمن بۆ نەهێشتنی هەڕەشە و مەترسییەکانی.
ناوبراو وتی: دوژمنی زایۆنیستی لە لوبنان تەواوی خەڵکی کردووەتە ئامانج و شەڕی دژ بە لوبنانە نەک تەنیا شەڕی دژ بە حزبوڵڵا.
سەرۆکی ئەنساروڵڵا وتی: دەستەواژەی خەڵکی مەدەنی نابێتە ڕێگر لە هێرش و دەسدرێژییەکانی دوژمنی زایۆنیستی و ئەم دوژمنە تەنانەت پەیامنێران، پزیشکان، مامۆستایان و خوێندکاران دەکاتە ئامانج کە تاوانەکەی نەبەتیە بەڵگەیەکی ڕوونە لە سەر ئەمە.
سەید حوسی وتی: تاوان و دڕندەیی ڕژێمی زایۆنیستی بەسە بۆ ئەوەی خەڵک لە سرووشتی شەڕەنگێزی و تاوانکاریی جولەکە ئاگادار بکاتەوە.
ناوبراو وتی: ئەمریکا هاوبەشی سەرجەم تاوان و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە و ئەگەر پشتیوانییەکانی ئەمریکا نەدەبوو، دوژمنی زایۆنیستی نەیدەتوانی درێژە بە تاوانەکانی بدات.
سەرۆکی ئەنساروڵڵای یەمەن وتی: ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بۆ مسۆگەربوونی ئامانجە هاوبەشەکەیان، واتە لەناوبردنی عەرەبەکان، هەوڵ دەدەن.
وتیشی کە ئەمریکا هەوڵ دەدات بەستێنی زاڵبوونی سیاسی و ئابوری و هەمەلایەنەی دوژمنی زایۆنیستی لە ناوچەکە دابین بکات.
سەید عەبدولمەلک بەدرەدین حوسی وتی: ئەم دۆخە بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی دیکە ناگۆڕێت، مەگەر ئەوەی خەڵک ڕاپەڕین بکەن و کۆتایی بە ڕژێمی زایۆنیستی بێنن./.